یامال و پێدری کێشە بۆ فلیک دروست دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال و پێدری، گوشاریان خستووەتە سەر هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا بەشێوەی سەرەکی یاری بە گاڤی بکات.
 
لەکاتێکدا بارسێلۆنا بە ئاواتی بەرزەوە خۆی بۆ دەستپێکی وەرزێکی نوێ لەژێر سەرکردایەتییەکی هونەریی نوێدا ئامادە دەکات، نیشانەکانی قەیرانێکی رانەگەیێنراو لەنێو یانەکەدا دەستی بە دەرکەوتن کردووە. 
 
قەیرانەکە پەیوەندی بە پێکان یان گرێبەستە دواخراوەکانەوە نییە، بەڵکو بە شتێکی زۆر ئاڵۆزترەوەیە، کە بریتییە لە زۆریی ئەستێرەکان لە پێگەیەکی هەستیاردا، و دەرکەوتنی لەناکاوی یاریزانێک کە لە ماوەیەکی کورتدا هاوسەنگییەکانی هەڵگێڕایەوە.
 
لە هەموو یەکەیەکی مەشق و راهێنان و یارییەکی دۆستانەدا، نیشانەکانی سوپرایزی چاوەڕوانکراو لە پێکهاتەی یانەکەدا دەردەکەون و وا دەردەکەوێت ستافی هونەری ناچارە بڕیاری هونەریی قورس بدات، کە لەوانەیە شێوازی هێڵی ناوەڕاستی یانەی کەتەلۆنی بەتەواوی بگۆڕێت.
 
گاڤی، ئەستێرە گەنجە ئەندەلووسییەکە، بەهێزەوە گەڕاوەتەوە نێو دیمەنەکە دوای وەرزێک کە بەهۆی پێکانەوە پڕبوو لە ناجێگیری، بەڵام لە قۆناخی ئامادەکاریی پێش وەرزدا بەئاستێکی جەستەیی و هونەریی سەرنجڕاکێشەوە دەرکەوتووە، کە نەک تەنیا هاندەرانی، بەڵکو هاوڕێکانیشی لە ژووری جلگۆڕین سەرسام کردووە.
 
یاریزانە کاریگەرەکانی بارسا لە سەرووی هەموویانەوە لامین یامال و پێدری پشتگیریی تەواوی خۆیان دەربڕیوە بۆ بوونی گاڤی لە پێکهاتەی سەرەکیدا و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو وزە و پابەندبوون و ورە شەڕانگێزییەی کە یاریزانەکە هەیەتی، وای لێدەکات ببێتە توخمێکی سەرەکی تیپەکە، بەتایبەتی لە ساتە هەستیارەکانی یارییەکاندا.
 
بەڵام لە بەرامبەر ئەم درەوشانەوەیەدا، کێشە گەورەکە ئەو قەرەباڵخیەیە کە لە هێڵی ناوەنددا هەیە و راهێنەری ئەڵمانی، هانزی فلیک کۆمەڵێک یاریزانی بەهێزی لەبەردەستە وەک پێدری، دی یۆنگ، فێرمین لۆپێز، دانی ئۆلمۆ و مارک کاسادۆ، کە هەموویان کێبڕکێ لەسەر چەند پێگەیەکی دیاریکراو لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەکەن.
 
فلیک ئەگەر پلانی کلاسیکیی 4-3-3 هەڵبژێرێت یان روو لە پلانێکی هێرشبەریتر بکات وەک 4-2-3-1 ناچار دەبێت لە هەموو یارییەکدا ناوێکی گەورە دووربخاتەوە. مانەوەی گاڤی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەشێوەیەکی کردەیی واتای کەمکردنەوەی ماوەی یاریکردن دەگەیێنێت بۆ یەکێک لە ناوە کاریگەرەکان و لەوانەیە فرێنکی دی یۆنگ یان کاسادۆ یەکێک لە قوربانییەکان بن.
 
ئەم مشتومڕە هونەرییە دەرگای پرسیاری لەناو خودی ستافی راهێنەرایەتیشدا کردووەتەوە، چونکە هەندێک پێیانوایە گاڤی تەنیا بە رۆڵە تاکتیکییەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە "کاریگەرییە دەروونی و دینامیکییەکەی" لەنێو تیپەکەدا. 
 
ئەو یاریزانێکە ریتمی یارییەکە دەگۆڕێت، رۆتین دەشکێنێت و پاڵنەرێکی ورەبەخشی گەورە بە هاوڕێکانی دەبەخشێت بەهۆی ئەو کەسایەتییەیەوە کە سەرەڕای تەمەنە کەمەکەی، دەستیکردووە بە سەپاندنی خۆی وەک سەرکردەیەک لەنیو تیپەکەدا.
 
ئەوەی دۆخی گاڤی ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە بەهاکەی تەنیا لە لایەنی هونەریدا کورت نابێتەوە. ژمارە 6ـە گەنجەکە خاوەنی کاریزمایەکە کە کاریگەریی لەسەر ژینگەی ناوخۆیی یانەکە هەیە و لەلایەن هاندەران و هاوڕێیانییەوە وەک هێمای ورەی شەڕانگێزی و دڵسۆزیی قوڵ بۆ یانەکە سەیر دەکرێت.
 
ئارەزووی هەمووان بۆ بینینی لەنێو یاریگادا جۆرێک لە پارێزگاریی رانەگەیێنراوی بۆ دروست دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە لەسەر حیسابی ناوە گەورەکانی دیکەش بێت. ئەمەش ئەرکی فلیک لە هاوسەنگکردنی نێوان "لۆژیکی تاکتیکی" و "دینامیکییەتی دەروونی" ئاڵۆزتر دەکات.
 
هەرچەندە زۆریی بژاردەکان بە شتێکی ئەرێنی دادەنرێت لە وەرزێکی درێژی پڕ لە کێبڕکێدا، بەڵام دۆخی گاڤی تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ فەلسەفەی هانزی فلیک. ئایا راهێنەرەکە دەتوانێت توانای خۆی لە کۆنترۆڵکردنی ئەم ململانێ بێدەنگەی هێڵی ناوەنددا بسەلمێنێت؟ یان شایەتحاڵی سوپرایزی چاوەڕواننەکراو دەبین لە سەرەتای وەرزدا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی چەند ناوێک کە کەس پێشبینی دەرچوونی لە پێکهاتەکەدا نەدەکرد..