کاپتنی هەندرێن هەواڵێکی یانەکەی لەسەر خۆی رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەنگەر عەبدولکەریم، کاپتنی یانەی هەندرێن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو سپۆرتس، هەواڵێکی یانەکەی رەتدەکاتەوە کە لە فەیسبووک لەسەر خۆی بڵاکراوەتەوە، گوایە لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت.
یانەی هەندرێن، لە پۆستێکدا لە فەیسبووکی یانەکە مانەوەی سەنگەر عەبدولکەریمی کاپتنی یانەکەی راگەیاند، بەڵام ئەو یاریزانە بە رووداو سپۆرتسی رایگەیاند "تاوەکو ئێستا تەنانەت قسەشم لەگەڵ یانەکە نەکردووە".
یانەی هەندرێن بۆ ئەم وەرزە ئامادەکاریی دەستپێکردووە و دوای نوێکردنەوەی چەند گرێبەستێک، شەوی سێشەممە لە ئەکاونتی فەرمی یانەکە نوێکردنەوەی گرێبەستی سەنگەر عەبدولکەریمی راگەیاند.
سەنگەر عەبدولکەریم، ناسراو بە سەنگەر گچکە، بەرگریکاری یانەی هەندرێن، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "تووشی سەرسوڕمان بووم کاتێک بینیم نووسراوە گرێبەستەکەم نوێکراوەتەوە، چونکە راستییەکەی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندنم لەگەڵ یانەکەم نەکردووە، تەنانەت نەچوومەتە بارەگای یانەکە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، نازانم چۆن رایانگەیاندووە".
گچکە، سەبارەت بە یانەی هەندرێن زیاتر گوتی "یانەی هەندرێن لە دڵی من نزیکە و هەمیشە هەستم بە ئاسوودەیی کردووە لە یانەکەدا، نەمگوتووە نوێی ناکەمەوە بەڵکو تەنیا ئەوە دەڵێم کە بەبێ ئەوەی بگەینە رێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی ئەم بابەتە، گرێبەستەکە راگەیێنراوە".
سەنگەر عەبدولکەریمی تەمەن 31 ساڵان، ماوەی دوو وەرزە لەگەڵ یانەی هەندرێنە و خاوەنی دوو نازناوی جامی کوردستانە.