گراهام ئارنۆڵد: هیچ یاریزانێک شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکی عێراقدا مسۆگەر نییە

رووداو هەولێر 

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆنامەڤانی دەستپێکردنی جامی شای تایلەند ئاشکرایکرد، هیچ یاریزانێک شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا گرەنتی نییە و هەموو یارییەک بە ئامانجی بردنەوە ئەنجامی دەدەین. 
 
هەڵبژاردەی عێراق بەشداری جامی شای تایلەندی کردووە و سێ رۆژە تیپەکە دەستی بە راهێنان و ئامادەکاریکردووە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا عێراق یاری لەگەڵ هۆنگ کۆنگ بکات.
 
رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە کەمێک پێش ئێستا کۆنگرەی رۆژنامەڤانیان بۆ راهێنەرانی تیپە بەشدارەکان رێکخست، گراهام ئارنۆڵد سەرەتا گوتی "هیچ یارییەک لای من دۆستانە نییە و لە هەموو یارییەکدا تەنیا بیر لە درێسی عێراق دەکەمەوە، هەموو کات پلانم بۆ بردنەوەیە، لە دوای دەستبەکاربوونم تەنیا دوو یاریی راهێنەر بوومە و جامی شای تایلەند دەرفەتە بۆ کاری باشتر و رێکخستنەوەی تیپەکەم، پێموایە لە پاشکۆی مۆندیال تۆپ لەگەڵ ئێمە دەبێت و دەتوانین ئەنجامێکی باش ببەینەوە".
 
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 13ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، یانەی زەورا و شورتە بەشداری یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەکەن، زاخۆش بەشداری جامی یانەکانی کەنداو دەکات. 
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی چاودێریکردنی بەردەوامی ئەستێرەکانی روونیکردەوە "یارییەکانی خولی ناوخۆی عێراق لە کاتێکی درەنگ دەستپێدەکەن و ئەمەش کاریگەری لەسەر کارەکەم هەیە، من بەوردی چاودێری یاریزانەکان دەکەم، بەتایبەت ئەو تیپانەی کە بەشداری چامپیۆنزلیگی ئاسیا و جامی کەنداو دەکەن". 
 
بڕیارە مانگی 10ـی ئەمساڵ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی پاشکۆی مۆندیال رکابەری هەڵبژاردەکانی سعودیە و ئیندۆنیزیا بکات، خاوەن پلەی یەکەمی پاشکۆ راستەوخۆ بلیتی مۆندیالی 2026 وەردەگرێت، بۆیە عێراق شەڕی مان و نەمان بۆ بردنەوەی دوو یاریی چارەنوسساز دەکات.
 
ئارنۆڵد لەبارەی قۆناخی ئامادەکارییان بۆ پاشکۆی مۆندیال جەختیکردەوە "تەنیا هەفتەیەکم لەبەر دەستە بۆ کۆکردنەوەی یاریزانان و ئامادەکاری، ناتوانین هیچ یارییەکی دۆستانە بکەین بەهۆی کەمی ماوەی راهێنانمان، بەڵام هەموو شتێک لەبەرژەوەندی ئێمە دەبێت". 
 
لە دوایین لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی شای تایلەند، ناوی ژمارەیەک یاریزانی نوێ بیندرا و گۆڕانکارییەکی زۆر لە ئەستێرەکان کراوە، راهێنەرەکەیان دەڵێت "ئەو پێکهاتەیەی ئێستا لەبەردەستمانە جێگیر نییە، هیچ یاریزانێک نییە کە بانگهێشت کرابێت و بەڵێنی پێدرابێت کە بەردەوام یاری دەکات، پێویستە 23 یاریزانی ئەستێرەمان هەبێت کە شایستەی ناوبانگی تیپەکە بن، بەداخەوە بەشار رسن تووشی پێکان رانی بو ناتوانێت یاریبکات، یاریزانێکی دیکەم هێناو بۆ پڕکردنەوەی شوێن کە عەممار موحسینە".