ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ و پۆرتوگال خۆیان بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئامادەدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال خۆی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئامادەدەکات و کریستیانۆ رۆناڵدۆش بەشداریی لە راهێنانەکانی تیپەکەدا کرد.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە لە دوای کۆچی دوایی دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی هەڵبژاردەکە و یانەی لیڤەرپوول کە لە رووداوێکدا لەگەڵ براکەی لە ئیسپانیا گیانیانلەدەستدا..
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پۆرتوگال لەکاتی راگەیاندنی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی گوتی "ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی هەڵبژاردەکە دەبێت بەبێ دیۆگۆ، دەمانەوێت هەموو رۆژێک رێز لە یادەوەرییەکانی بگرین، ئەو لەگەڵمانە و هێزێک دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان."
لەسەر داوای ماڵباتی دیۆگۆ جۆتا، لەمەودوا روبن نێڤێس، نزیکترین هاوڕێی جۆتا درێسی ژمارە 21ـی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەپۆشێت.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە لە یەکەم گەڕی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، پۆرتوگال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئەرمینیا یاری دەکات، دوای سێ رۆژ لەو یارییە رووبەڕووی هەڵبژاردەی هەنگاریا دەبێتەوە.
شەوی سێشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال و سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەکە بە ئامادەبوونی ماڵباتی یاریزانەکە، ماڵئاواییان لە دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی کۆچکردووی هەڵبژاردەکە کرد.