کارڤاخال مانگێک پشوو دەدات
رووداو – هەولێر
پزیشکانی یانەی ریال مەدرید سەبارەت بە پێکانی دانی کارڤاخال هۆشداری دەدەنە یانە شاهانەکە لە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان.
دوای ئەوەی کارڤاخال تووشی نەخۆشی هەوکردنی ڤایرۆسیی پەردەی دڵ بوو، راستەوخۆ گواسترایەوە نەخۆشخانە و پزیشکەکان رایانگەیاند، ئەگەر ئەو چارەسەرانەی بۆی دادەنرێت کاریگەریان نەبێت، ئەو یاریزانە هەڕەشەی وازهێنانی یەکجاری و دوورکەوتنەوەی لە تۆپی پێ لەسەر دەبێت.
دواتر یانەی ریال مەدرید بە پزیشکەکانیان راگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک پەلە لە گەڕانەوەی کارڤاخال ناکەن تاوەکو بە تەواوی چاکدەبێتەوە و لەگەڵ رێنمایی پزیشکەکاندا دەبن، پزیشکەکانیش رایانگەیاندووە، دەبێت بۆ ماوەی مانگێک کارڤاخال تەنیا پشوو بدات، دواتر قۆناخەکانی چارەسەری بۆ دادەنرێت.
پەردەی دڵ شانەیەکی تەنکی تورەگەییە، دەوری دڵی داوە و لە سێ چین پێکهاتووە، هەوکردنی ڤایرۆسەکەشی نەخۆشییەکی کتوپڕە، بەهۆی ڤایرۆسی جۆراوجۆرەوە روودەدات، دەکرێت سەرچاوەی ڤایرۆسەکە هەڵامەتێکی ئاسایی، یان نەخۆشییەکی دیکەی ڤایرۆسی بێت لە شوێنێکی دیکەی جەستەدا.