ئامادەکاریی هەڵبژاردەی عێراق لە بەغدا دەستپێدەکات

رووداو هەولێر 

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا رۆژی پێجشەممەی داهاتوو کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری بەغدا دەستپێبکات، بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیمارات. 

لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق لە رۆژانی 13 و 18ـی ئەم مانگە یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیمارات دەکات، لەسەر داواکاریی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رۆژی پێنجشەممە راهێنان و ئامادەکارییەکانی لە شاری بەغدا دەستپێدەکەن و تەنیا ئەستێرەکانی ناوخۆی خولی ئەستێرەکانی عێراقی هەڵبژاردەکە بەشداری راهێنانەکان دەکەن.

شاندی هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 9ـی ئەم مانگە لە رێگای فڕۆکەیەکی تایبەتی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە رێگای فڕۆکەخانەی بەغداوەگەشت بۆ شاری ئەبوزەبی دەکات، ئەستێرەکانی ئەورووپا و پیشەگەرەکانی هەڵبژاردەکە هەمان رۆژ پەیوەندی بە تیپەکەیانەوە دەکەن. 

یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی دوو یارییە هەستیارەکەی هەڵبژاردەی عێراق وەستاوە، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی دوو سەرکەوتن و نزیکبوونەوەی عێراق لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026.

عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی عێراق درۆ دەکەن کە دەڵێن 33 رۆژ خول رادەگرم، من دەمەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی عێراق باش بن و لە پێناو بەدیهێنانی خەونی چل ساڵەی عێراقییەکان خولەکە تاوەکو 21ـی ئەم مانگە وەستاوە". 
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی داهاتوو رابگەیێنرێت، هەریەک لە ئەیمەن حوسێن، گۆڵکاری هەڵبژاردەکە و یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد لە قەتەرن بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن و بۆ یارییەکان ئامادەبن. 

یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد بۆ رووداو روونیکردەوە "لە دەوحە بەشێوەیەکی زۆر باش چارەسەری وەردەگرم و پەنابەخوا دەمانەوێت دڵی خەڵکی عێراق بە بردنەوە خۆش بکەین". 

هەڵبژاردەی عێراق لە 1986 بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە.