بارسێلۆنا بە سێ گۆڵ بەرامبەر ئێلچی هاوسەنگیی خۆی گەڕاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بارسێلۆنا، دوای دۆڕاندنی بە ئەنجامی 2-1 لە یاریی کلاسیکۆ، .ئێوارەی یەکشەممە، ئەو یانەیە توانی بەئەنجامی 3-1 لە یانەی ئێلچی بباتەوە و بەو ئەنجامەش لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا جێگیر بوو.
 
گۆڵەکانی لامین یامال،  فێران تۆرێس و مارکۆس راشفۆرد، یانەی بارسێلۆنای پاڵەوانی وەرزی رابردووی پێشخست بۆ مسۆگەرکردنی سێ خاڵی یارییەکە، بەمەش کۆی خاڵەکانی گەیاندە 25 خاڵ و جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ کردە پێنج خاڵ.
 
یانەی بارسێلۆنا، سوودی لە دوو هەڵەی بەرگری یانەی ئێلچی وەرگرت لە خولەکەکانی سەرەتادا، و بەهۆیانەوە لە  لە خولەکەکانی نۆیەم و یازدەیەمدا 
رێگەی یامال و تۆرێسەوە بە دوو گۆڵ پێشکەوت.
 
گۆڵی یەکەم ، ئەلێخاندرۆ بالدێ هەڵەیەکی تیپی بەرامبەری قۆستەوە،  باڵی چەپی یانەکە بەرەو پێشەوە رۆیشت و ئەسیستێکی نایابی بۆ یامال کرد کە ئەویش بە هێمنییەوە بەلای بەرگریکارەکاندا تێپەڕی و بە پێی چەپی لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆشەی سەرەوەی گۆڵەکە کرد.
 
ئەمە یەکەم گۆڵی یامال بوو لە خولی ئیسپانیا لە 31ی مانگی هەشتەوە و ئەمەش هاندانێکی گەورەی مانەوی بوو دوای چەند هەفتەیەک لە گیرۆدەبوونی بە پێکانێک لە بەشی سەرەوەی رانی.
 
تەنیا دوای دوو خولەک، ئەدریا پێدرۆسا، بەرگریکاری راستی یانەی ئێلچی، لە کاتی هەوڵدانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپ لە نیوەی یاریگای تیپەکەیدا خلیسکا،  فێرمین لۆپێز، ئەم هەڵەیەی قۆستەوە و تۆپێکی ناردە ناوچەی سزای ئێڵچی، لەوێ تۆرێس ئامادە بوو بۆ ئەوەی تۆپەکە بنێرێتە ناو گۆڵ و پێشکەوتنی بارسێلۆنای کردە 2-0..
 
پێش تەواوبوونی نیوەی یەکەم، لە هێرشێکی خێرادا، رافا میر ئەنجامەکەی کەمکردەوە و یاریزانەکان بە ئەنجامی 2-1 چوونە پشووی نێوان گێمەکان.
 
 دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم ئێلچی نزیک بوو لە یەکسانکردنەوە لە خولەکی 55 کاتێک تۆپێکی بەهێزی لێدا و بەر ستوونی گۆڵەکە کەوت.
 
بەڵام ئومێدی تیپی میوان بۆ گەڕانەوە کۆتاییهات، کاتێک لە خولەکی 61دا راشفۆرد تیپی خاوەن یاریگاکەی کردە خاوەنی گۆڵی سێیەم .
 
هەروەها، جێگای باسە جیاواز لە یارییەکانی دیکە، بارسێلۆنا لەم یارییەدا، رێژەی خاوەندارێتیی تۆپی لە تیپی بەرامبەر کەمتر بوو، لە یارییەکەدا، ئێڵچی توانی ٪51 کۆنتڕۆڵی تۆپ لای خۆی بێڵێتەوە، بەرامبەر بە 49٪ بۆ بارسێلۆنا، دوایین جار کە بارسێلۆنا خاوەندارێتیی تۆپی لە یارییەکی لالیگادا لە تیپی بەرامبەر کەمتر بووبێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بوو.