ماستانتونۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداری یاریی لیڤەرپوول ناکات



رووداو دیجیتاڵ

فرانکۆ ماستانتونۆ، یاریزانی ریال مەدرید، بەهۆی پێکانەوە بەشداری یاریی یانەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول ناکات، پزیشکانی ریال مەدرید دەستنیشانیان کردووە، فرانکۆ تووشی ئازار بووە لە ماسوولکەکانی حەوزی، ئەمەش وای لێدەکات نەتوانێت لەگەڵ تیپەکەی گەشت بۆ لیڤەرپوول بکات و بۆ یاریی رۆژی سێشەممە لە چامپیۆنزلیگ بەشداربێت.
 
بەهۆی پێکانەکەیەوە، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە دوایین مەشقی یانەی ریال مەدرید پێش یارییەکەی لیڤەرپوول، بەشداری نەکرد.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، پێی باش بووە تیپەکە لە ڤاڵدێبێباس مەشق بکات لە جیاتی ئەوەی لە یاریگەی تیپی رکابەر مەشق بکات، بۆ ئەوەی باشتر ئامادەکاری بۆ یارییەکە بکات و لە چاوی میدیاکان دوور بێت.
 
پێکانەکەی ماستانتونۆ هەمان ئەو پێکانەیە کە لامین یامال بەم دواییانە تووشی بوو، ریال مەدرید لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بە ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە نەداوە و نازانرێت کەی دەگەڕێتەوە یاریگەکان.
 
ماستانتونۆ، لە دوایین یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا بە شێوەی سەرەکی 90 خولەکی تەواو یاریی کرد. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم پێکانەوە ناچارە پشوو بدات. بەلایەنی کەمەوە لە یارییەکەی رۆژی سێشەممە لە ئینگلتەرا دوور دەکەوێتەوە.
 
ماستانتونۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر زۆر پشتی پێدەبەستێت لە ریال مەدرید و دەیەوێت وەک یاریزانێکی سەرەکی، بەبەردەوامی لە پێکهاتەی ریال مەدریددا بێت و بە شوێنپێی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکانی یانەکە، دی ستیفانۆ و دیماریادا بڕوات.