ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر تووشی یەکەم دۆڕانبوو و هاندەرانی نیگەرانن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر، دوای 15 یاری تووشی یەکەم دۆڕانبوو لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا و هاندەرانی یانەکەش لە دۆڕانی یانەکەیان نیگەرانن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یانەی ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووردا، بەرامبەر یانەی کاستامونۆسپۆر یارییکرد، بەر لە یارییەکە ئامەدسپۆر هیچ یارییەکی نەدۆڕانبوو و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بوو و رکابەرەکەشی لە پلەی دووەم بوو.
دوای تەنیا 5 خولەک یارییکردن مەحموود ئەنەس دورموش گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئامەدسپۆری پێشخست، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 17 کولیبالی یاڤوز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
لە خولەکی 48 یاڵچن کلینج گۆڵێکی دیکەی بۆ کاستامونۆسپۆر تۆمارکرد، دوای ئەوەی گۆڵپارێزی ئامەدسپۆر هەڵەیەکی گەورەی کرد.
دوای ئەم دوو گۆڵەی یانەی میوان ئامەدسپۆر هێرشی زۆری بردە سەر گۆڵی یانەکە و لێدانێکی سزای لەدەستدا، هەوڵەکانی بۆ راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بێسوود بوون و ئامەدسپۆر یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاند و سێ خاڵی لەدەستدا.
دوای دۆڕانی ئەم یارییە، بەشێکی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر لەکاتی هاتنە دەرەوەیان لە یاریگە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، هاندەرێک گوتی "ناوبژیوان هۆکاری دۆڕانی یانەکەمان بوو و هەمیشە بڕیارەکانی ناوبژیوان لە دژی یانەی ئامەدسپۆرن."
هاندەرێکی دیکە دەڵێت "ئێمە هەموو هەفتەیەک لە مێردینەوە دێینە ئامەد بۆ ئەوەی پاڵپشتیی ئامەدسپۆر بکەین، نیگەرانین بە دۆڕانی یانەکەمان، بەڵام متمانەمان پێیەتی و سەردەکەوین."
ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا، تاوەکو ئێستا 15 یاریی ئەنجامداوە، تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە کە ئەمڕۆ بوو و ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە بە 32 خاڵ و تەنیا دوو خاڵ لە کاستامونۆسپۆری یەکەمی ریزبەندەوە دوورە.