شۆک.. فلیک یاریی دەباتەوە، کەچی بارسێلۆنا بەشوێن جێگرەوەکەیدا دەگەڕێت


رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا، وێڕای کاری باشی هانزی فلیکی راهێنەری تیپەکە، بەدوای جێگرەوەی ئەو راهێنەرەدا دەگەڕێت. ئەمە قسەکانی میدیاکانە، پاشئەوەی تیپەکەی فلیک پێشەنگی لالیگای بەدەستهێنایەوە.
 
ئەو سەرچاوە میدیاییانەی هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، کارگێڕیی یانەکە هەست بەدڵەڕاوکە دەکات لە هەڵچوون و داچوونە بەردەوامەکانی هانزی فلیک، هەربۆیە خۆی بۆ ئەگەر لەناکاو رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە، ئامادە دەکات.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئاوەزگۆڕینەکانی فلیک و دەرکەوتنی لە هەندێک کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بەنیگەرانی، هەروەها دابەزینی ئاستی هەندێک یاریزان و دەرنەکەوتنی تیپەکە بەوشێوەیەی ئەو راهێنەرە دەیەوێت، هەموو کات ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی لە یانەکەدا هێشتووەتەوە، هەر بۆیە یانەکە، بەئارامی و ژێراوژێر جێگرەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەکەی دەستنیشانکردووە.
 
رۆژنامەی 'دۆن بالۆن' لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتە روو کە یانەکە خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەکان ئامادە دەکات، بەتایبەت کە فلیک لە هەندێک شوێندا بەئاشکرا ئەوەی نەشاردووەتەوە، بەڵێنی هێنانی یاریزانی نوێ و گرێبەستی باشی پێدرابوو لە وەرزی دووەمی کارکردنی لەگەڵ یانەکە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە نەیتوانیوە داواکارییەکەی جێبەجێ بکات.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، دیارترین ناو بۆ شوێنگرتنەوەی هانزی فلیک، لویس ئینریکێی راهێنەری ئێستای پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە باسیدەکات، فلیک وزەی وەرزی پێشوو لە کارەکەیدا پێشان نادات، هەر بۆیە یانەکە بەمافی خۆی دەزانێت ئەگەری رۆیشتنی لەناکاوی لە یانەکە لەبەرچاو بگرێت و خۆی بۆ ئامادە بکات.
 
'دۆن بالۆن' دەڵێ، ناوێک بەبەردەوامی لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی بارسادا دووبارە دەبێتەوە، ئەو ناوەش لویس ئینریکێیە.
 
خەونی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسا، گەڕانەوەی ئینریکێیە بۆ یانەکە، رۆژنامەکە دەڵێ، "دەگوترێ کە لاپۆرتا تەنانەت هەنگاوی کردەنی ناوە بەئاراستەی کردنەوەی دەرگای دانوستاندن لەگەڵ ئەو راهێنەرە".
 
ئینریکێ کە پێشتر ماوەی سێ ساڵ راهێنەری یانەکە بوو و لەگەڵیدا دوایین نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، بەبڕوای هەمووان، کارەکەی لەگەڵ یانەکە تەواونەکردووە، بۆیە هەموو ساتێک ویستی بەیەکگەیشتنەوە لەلایەن هەردوولاوە زیندووە، بۆ جارێکی دیکە مەشقدانەوەی یانەکە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، کارگێڕیی بارسا، ناکۆکیی ئاشکرایان لەگەڵ فلیک نییە، بەڵام بۆ خۆپاراستن لە رۆیشتنی لەناکاوی فلیک و ئەگەری داڕووخانی تیپەکە، دەیانەوێت لینکی پەیوەندییان لەگەڵ ئینریکێ هەبێت.
 
پێناچێ گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە ئیسپانییە بۆ بارسێلۆنا لەم کاتەدا کارێکی ئاسان بێت. لویس لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە رێزێکی زۆری لێدەگیرێت، دەسەڵاتی گەورەی لە یانەکەدا دراوەتێ و ژینگەیەکی کارکردنی ئارام و بێ کێشەی هەیە.