ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ: هاتووم ریکۆردەکان بشکێنم
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی نەسری سعودیە، بەر لەوەی لە رێوڕەسمێکی جیهانیدا، بەفەرمی لەلایەن یانەکەیەوە بە هاندەران و میدیاکان بناسێندرێت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، قسەی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو هاتووە لە ئاسیا چەندین ریکۆرد تۆماربکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرەتا گوتی "لە ئەوروپا هەموو شتێکم کرد، هەموو شتێکم بردەوە و بۆ گرنگترین یانە ئەوروپییەکان یاریم کرد، ئەمەش ئاڵنگارییەکی نوێیە لە کیشوەری ئاسیا".
ئەو دووپاتیشیکردەوە "دڵخۆشم، چونکە یانەی نەسر ئاڵنگارییەکی نوێی پێبەخشیوم، ئەم دەرفەتە تەنیا بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن لەپێناو تۆپی پێ نییە، بەڵکو بۆ نەوەی گەنج و خانمانیشە بەهەمانشێوە، ئەمە بۆ من ئاڵنگارییە، بەڵام منیش هەست بە بەختەوەری دەکەم، بۆ من شانازییە".
خاوەنی 5 باڵۆن دۆر، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "دەستەوارەی زۆرم لە یانەکانی ئەوروپا هەبوو، زۆر لە یانەکانی بەرازیل، لە ئوسترالیا، لە ئەمریکا، تەنانەت لە پۆرتوگالیش زۆر لە یانەکان هەوڵیاندا گرێبەستم لەگەڵ بکەن، بەڵام من بەڵێنم بەم یانەیە دا بۆ ئەم دەرفەتە، کە نەک تەنیا بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێیە، بەڵکو بۆ ناساندنی بەشەکانی دیکەی ئەم وڵاتە سەرسوڕهێنەرەشە".
دۆن کریستیانۆ دووپاتیکردەوە "ئەمە بۆ من ئاڵنگارییەکی نوێیە، دەزانم چیم دەوێت، بێگومان دەزانم چیشم ناوێت، بۆیە دەرفەتێکی باشە بۆ من بۆ گۆڕانکاری و بۆ یارمەتیدان بە زانیاری و ئەزموونی خۆم، لە پەرەپێدانی چەندین خاڵی گرنگ، کە لەوانەیە زۆر کەس نەزانن، بەڵام نەسر تیپێکی تۆپی پێی خانمانیشی هەیە، دەمەوێت بیرۆکەیەکی جیاواز بدەم لەبارەی ئەم وڵاتە، تۆپی پێ، و گۆڕینی دیدگای هەمووان بۆ ئەم وڵاتە، هەر بۆیەش ئەم دەرفەتەم بۆ رەخسا و دەیقۆزمەوە".
لە کۆتاییشدا ئەستێرەی پۆرتوگالی گوتی "هەموو شتێکم لە ئەوروپا بەدەستهێنا و کارەکەم لەوێ کۆتاییهات، دەمەوێت ریکۆردەکانی ئاسیا بشکێنم".