ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دێربیی بردەوە و لە راماڵینی یانەکان بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و سەرکەوتنەکانی یانەی ئیسپانیۆلی راگرت و بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد.
بارسێلۆنا لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی لالیگادا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە دێربیی کەتەلۆنیادا بووە میوانی یانەی ئیسپانیۆل.
لە خولەکی 13 ژول کۆندێ هەوڵێکی بۆ گۆڵکردن هەبوو، بەڵام گۆڵپارێز بە ئاسانی تۆپەکەی گەڕاندەوە.
دوای ئەوە ئیسپانیۆل بە دوو لێدانی بەهێز خۆی تاقیکردەوە، بەڵام خوان گارسیا بە نەخێر وەڵامی دانەوە.
هێرشەکانی ئیسپانیۆل زۆر مەترسیداربوون، بەڵام گارسیا نەیهێشت هاوڕێکانی پێشووی گۆڵی لێبکەن، نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
لە خولەکی 60 رۆبێرتۆ فێرناندێز، یاریزانی ئیسپانیۆل بەتەنیا لەگەڵ گۆڵپارێز مایەوە و هەوڵیدا خوان گارسیا ببڕێت، بەڵام گۆڵپارێزی بارسێلۆنا ئەو تۆپەشی گەڕاندەوە.
هێرشەکانی هەردوو تیپ بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون، گۆڵپارێزی هەردوولا ئاستێکی نموونەییان پێشکێشکرد.
لە خولەکی 85 دانی ئۆلمۆ کۆتایی بەبێدەنگی هێنا و گۆڵێکی زۆر جوانی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد.
لە خولەکی 89 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵی دووەمی بۆ بلاوگرانا تۆمارکرد، بارسای بەتەواوی لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمە هەشتەم بردنەوەی لەسەریەکی یانەکەیە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا و دوای 5 بردنەوەی لەسەریەک، یانەکە سەرکەوتنەکانی ئیسپانیۆلی راگرت.
بەم سێ خاڵە، بارسێلۆنا جیاوازییەکەی بەشێوەیەکی کاتی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم لە پێشەنگی لالیگا گەیاندە 7 خاڵ.