زاخۆ دەیەوێت مێژوو لە یاریگە نوێکەی شورتەدا تۆمار بکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بەبێ ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی لە بەغدایە و لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی شورتە یاریی دەکات و یارییەکە لە یاریگە نوێکەی یانەکەی بەغدا بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەم یارییە یانەی زاخۆ لە تواناکانی بەشێکی زۆری یاریزانەکانی بێبەش دەبێت، هەریەکە لە شێرکۆ کەریم، ئەحمەد ئیبراهیم، شڤان جەمیل بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ناسڕ محەممەدۆ و ئۆرینیۆ لە یاریی رابردوودا کارتی سووریان وەرگرتووە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
زاخۆ لە گەڕی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا لەگەڵ یانەی کەرخ یەکسانبوو، ئەمڕۆ ئەرکیان ئاسان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت بە ئەنجامێکی ئەرێنییەوە بگەڕێنەوە و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنن، بەتایبەت کە یانەی شورتە لە دۆخێکی باشدا نییە.
شورتە لە دوایین دوو یاریی خولی عێراقدا دۆڕاوە و بەشێوەیەکی گشتیش لە دوایین 4 یارییدا دۆڕاوە و تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە، ئێستا تیپەکە لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
بۆ ئەم یارییە یانەی شورتە یاریگەی کردووەتە بێبەرامبەر بۆ ئەوەی هاندەرانیان لە یاریگە ئامادەبن و پاڵپشتیی تیپەکە بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەرکەوتنەکان.