لە رێگەی بەنزینخانەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی نهێنی هەردوو لیۆنێلەکە ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

 

کۆبوونەوەیەکی نهێنی و تایبەت لە نێوان لیۆنێل مێسی و لیۆنێل سكالۆنی، کاپتن و راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان بەڕێوەچووە، و ئامادەکارییەکانی تانگۆ بۆ مۆندیالی 2026 دەستیپێکرد.
 
تەنیا 6 مانگ بەر لە دەستپێکی گەورەترین کەرنەڤاڵی تۆپی پێ لە جیهاندا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەنگاوە جدییەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی دەستپێکرد. هەواڵەکان باس لە کۆبوونەوەیەکی "تایبەت و نهێنی" دەکەن لەنێوان لیۆنێل سكالۆنی، راهێنەری تانگۆ و لیۆنێل مێسی، ئەفسانە و کاپتنی هەڵبژاردەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی 2ـی کانوونی دووەم، ناوچەی فۆنیس بووەتە شوێنی یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو لیۆنێل، کە مەبەست لێی دانانی یەکەم خشتەی کار و بناخەی کارکردن بۆ ساڵی مۆندیال.
 
لیۆنێل مێسی، کە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پێ دەنێتە تەمەنی 39 ساڵییەوە، هێشتا بەفەرمی بەشداریی خۆی لە مۆندیالی 2026 پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام زۆربەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی 'پادشای تۆپی پێ' جارێکی دیکە سەرکردایەتی سوپاکەی ئەرجەنتین دەکات و دوای مۆندیالیش بەیەکجاری ماڵئاوایی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
 
لیۆ لە چەندین دەرکەوتنی ئەم دواییەیدا، بە دیپلۆماسییەتێکی زۆرەوە قسەی کردووە و رایگەیاندووە کە دەیەوێت تاوەکو نزیکبوونەوەی وادەی مۆندیال (11ـی حوزەیرانی داهاتوو) چاوەڕێ بکات، تاوەکو لەسەر بنەمای ئاستی جەستەیی و هونەریی خۆی بڕیاری کۆتایی بدات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر لە لوسەیل، گەورەترین خەونی ژیانی و سێیەم ئەستێرەی بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنێلا رۆکوزۆی هاوژینی مێسی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا مێسی لە باخچەی ماڵەکەیاندا، بەبێ پێڵاو و بەبێ درێس، چێژ لە یاریی بە تۆپ و کەشوهەوایەکی خۆرەتاو لەگەڵ خێزانەکەی وەردەگرێت؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مێسی تەنانەت لە کاتی پشووشدا عیشقەکەی خۆی فەرامۆش نەکردووە.
 
رۆژنامەی Diario Oleـی ئەرجەنتینی، نهێنیی ئەو کۆبوونەوەیەی ئاشکرا کردووە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بینینی سكالۆنی لە وێستگەیەکی سووتەمەنی کە تەنیا یەک کیلۆمەتر لە ماڵەکەی مێسییەوە دوورە، بووەتە سەرەداوی ئاشکرابوونی ئەو دیدارە نهێنییە. پێشبینیش دەکات مێسی دوابڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیال بە سکالۆنی گوتبێت.
 
ئەم سەردانەی سكالۆنی بۆ 'فۆنیس' قۆستنەوەی دواڕۆژەکانی پشووی مێسییە لە نیشتمانەکەی، ئەمەش وەک دەستپێکی زنجیرە کۆبوونەوەکانی سكالۆنی لەگەڵ ئەستێرەکانی تانگۆ لەم مانگەدا، بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی مۆندیال.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ وێنەیەکی ئەو کۆبوونەوەیە دزەی نەکردووە و هەردوولاش نایانەوێت وردەکارییەکان ئاشکرا بکەن، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەرجەنتینییەکان لە ئێستاوە خەریکی داڕشتنی پلانێکی تۆکمەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جیهان لەبەردەم سیحری مێسیدا چۆک دابدات.