دهۆک دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆمار بکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو بردنەوەی لەسەریەک یانەی دهۆک دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیک ببێتەوە.
ئەمڕۆ ئێوارە، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئەمانە بەغدا دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی خولەکەدا بچێتە پێشەوە.
دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر هەردوو یانەی نەجەف و جەوییە بەدەستهێنا و لە دوایین 5 یارییدا بەشێوەیەکی گشتی هیچ دۆڕانێکی نییە، ئەمڕۆ تیپەکە چاوەڕێی هاندەرانی دەکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بکەن و ئەوانیش بە سێ خاڵ دۆڵخۆشیان بکات.
دهۆک لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و تاوەکو ئێستا سێ بردنەوەی هەیە، یانەی ئەمانە بەغدا لە پلەی نۆیەمی خولەکەیە و 5 یاریی لەم وەرزەدا بردووەتەوە، سێ یاریی رابردوویان لەسەریەک بردووەتەوە و بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش روویانکردووەتە دهۆک.
ئەلهویێن چیا لە یارییەکەی ئەمڕۆدا رووبەڕووی راهێنەری پێشوویان دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی ئەمانە بەغدایە.