لاپۆرتا بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان دوو گرێبەستی ئاگرین دەکات

04-01-2026
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا نیکۆ شلۆتەربێک جولیان ئەلڤارێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بۆ مانەوە لە یانەکە و دووبارەبوونەوە بە سەرۆکی یانەکە، بەڵێن دەدات لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا دوو گرێبەستی ئاگرین بکات.
 
یانەی بارسێلۆنا بەرەو قۆناخێکی چارەنووسساز هەنگاو دەنێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی پڕۆژەی وەرزشی، بەڵکو لەسەر ئاستی کارگێڕیش. ساڵێکی هەستیاری هەڵبژاردن لە ئاسۆدا دەردەکەوێت و لەگەڵیدا جموجۆڵەکانی ناو نووسینگەکانی یانەکە خێراتر دەبن؛ بڕیار بەدەستانی یانەکە دەیانەوێت وێنەیەکی بەهێز پیشانی ئەندامان بدەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبێننەوە.
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە، دەچێتە ناو ساڵێکی یەکلاکەرەوە، ئەو وەک بەهێزترین کاندید بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەردەکەوێت، بەپشتبەستن بەو سەقامگیرییە دارایی و وەرزشییەی لە ویلایەتی دووەمیدا بەدەستی هێناوە، بەڵام لاپۆرتا بەمە ناوەستێت، بەڵکو دەیەوێت پێگەی خۆی بە زنجیرەیەک هەنگاو و جوڵەی ستراتیژی گەورە قایمتر بکات.
 
پلانی لاپۆرتا بریتییە لە بڕواهێنان بە ئەندامانی یانەکە کە بارسا دەگەڕێتەوە ناو بازنەی رکابەرییە گەورەکانی ئەورووپا، ئەمەش لەڕێگەی گواستنەوەی دوو ئەستێرەی جیهانی لە مێرکاتۆی هاوینەدا، کە هاوکات هەنگاوێکیشە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی تەواوی هانزی فلیکی راهێنەر.
 
یەکێک لەو دوو گرێبەستە، نیکۆ شلۆتەربێکی بەرگریکاری بۆرووسیا دۆرتموندە. ستافی تەکنیکی بارسا وای دەبینن کە ئەو باشترین هاوبەشە بۆ پاو کوبارسی لە دڵی بەرگریدا. شلۆتەربێک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش وایکردووە بژاردەیەکی واقیعیتر بێت بەراورد بە ناوەکانی وەک باستۆنی و گڤاردیۆل کە نرخەکانیان خەیاڵییە. 
 
هانزی فلیک باش ئەم یاریزانە دەناسێت و لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کاری لەگەڵ کردووە، متمانەی تەواوی بە تواناکانی هەیە بۆ گونجاندن لەگەڵ شێوازی یاریکردنی بارسا.
 
دۆسێیە هەرە گرنگەکە، هێڵی هێرشبەرییە. بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکی 'سەرەڕم'ـدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، کە گرێبەستەکەی لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت و دەنگۆی رۆیشتنی بۆ خولی ئەمریکی بەهێزە. لەم نێوەندەدا، ناوی جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، وەک بژاردەی یەکەمی لاپۆرتا دەدرەوشێتەوە. 
 
ئەلڤارێز سەرەڕای هەندێک هەوراز و نشێوی لە ئاستیدا، سەلماندوویەتی یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و ئەزموونی خولی ئیسپانیشی هەیە، ئەمەش وەک گرەنتییەکی هونەری دەبینرێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لاپۆرتا بڕیاریداوە هەموو هەوڵێک بدات بۆ کڕینی شلۆتەربێک و ئەلڤارێز پێکەوە، وەک سەرنجڕاکێشترین دووانە بۆ پڕۆژە نوێیەکە. گەورەترین ئاستەنگ لایەنی داراییە، چونکە تەنیا گرێبەستی ئەلڤارێز لەوانەیە 100 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە بکەوێت، ئەمەش کارگێڕیی یانەکە ناچار دەکات بەدوای چارەسەری داهێنەرانەدا بگەڕێن بۆ دابینکردنی تێچووەکان بێ ئەوەی یاساکانی یاریی خاوێن پێشێل بکەن.
 
لاپۆرتا تەنیا گرەو لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن ناکات، بەڵکو گرەو لەسەر هاوینێکی ناوازە دەکات کە لەوانەیە سیمای بارسێلۆنا بگۆڕێت. سەرکەوتنی ئەم دوو گرێبەستە دەبێتە پاڵنەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو، چ لەڕووی وەرزشی و چ لەڕووی کارگێڕییەوە، بەرلەوەی بچێتە ناو جەنگی نوێکردنەوەی سەرۆکایەتییەکەی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە