یاخیبوونەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چی بە یانەی نەسڕ بەخشی؟
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا زۆر کەس پێیان وابوو کە یاخیبوونی ئەفسانەی پۆرتوگالی، کریستیانو رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر یانەی ریاز و ناڕەزایەتییە ئاشکراکانی بەرامبەر سیاسەتی گواستنەوەی یانەکە، سەرەتای کۆتاییهاتنی گەشتەکەیەتی لەگەڵ نەسڕ، (گەڕاوەتەوە مەشقەکان)، بەڵام پشتپەردەی رووداوەکان راستییەکی دیکە دەخەنەڕوو.
تووڕەییەکەی دۆن تەنیا تەنگژەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو زەمینلەرزەیەک بوو کە ماڵی نەسڕی لەناوەوە رێکخستەوە. لەکاتێکدا هاندەران ترسیان لە رۆیشتنی هەبوو، یانەکە خەریکی چنینەوەی دەستکەوتە ستراتیژییەکان بوو کە لەوانەیە بەبێ ئەو هاوارە ناڕەزایەتییەی رۆناڵدۆ، هەرگیز بەدەست نەهاتنایە.
ئەمانە 3 راستی سەرسوڕهێنەرن کە دەریدەخەن چۆن یاخیبوونی رۆناڵدۆ بووە 'کەشتیی رزگاری' بۆ داهاتووی نەسڕ:
1 - هاوارێک بۆ دەرخستنی هەژاریی ئاستی تەکنیکی
یەکەم راستی کە رۆناڵدۆ بە کەسایەتییە سەرکردەییەکەی خۆی سەپاندی، تیشک خستنە سەر ئەو کەلێنە گەورەیە بوو کە لە پێکهاتەی یانەکەدا هەبوو. رۆناڵدۆ بەو ناڕەزایەتییەی، بەرپرسانی یانەکەی ناچارکرد دان بەوەدا بنێن کە نەسڕ بەراورد بە رکابەرە راستەوخۆکانی وەک هیلال، کەمترین پاڵپشتیی مرۆیی و یاریزانی بۆ دابین کراوە. ئەم جووڵەیە وایکرد مەلەفی 'کڕینی یاریزانی جۆری' بخرێتە سەرووی کارە لەپێشینەکان و چیدی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کون و کەلێنەکان یاریزان نەکڕدرێت.
2 - راپەڕینی هێماکان؛ ئەلموهەیدب و بن تورکی پلان بۆ 'داگیرکردن' دادەنێن
راستی دووەم کە زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە یاخیبوونەکەی رۆناڵدۆ وەک زەنگی مەترسییەک بوو بۆ سەرمایەدار و هێما دڵسۆزەکانی یانەکە. هەر کە ناوە قورسەکانی وەک ئیبراهیم ئەلموهەیدب و میر فەیسەڵ بن تورکی هەستیان کرد مەترسیی راستەقینە لەسەر پڕۆژە وەرزشییەکەی یانەکە هەیە، جووڵە گەورەکانیان لە پشتپەردە دەستپێکرد. ئێستا ئەم کەسایەتییانە هەوڵ دەدەن نەسڕ بەتەواوی بکڕنەوە و تایبەتمەندی پێببەخشن، هاوشێوەی ئەزموونی وەلید بن تەڵال لە یانەی هیلال، بۆ ئەوەی داهاتووی یانەکە لە بودجە سنووردارەکان رزگار بکەن.
3 - شکاندنی "بتی پشتبەستن" و گەڕانەوەی متمانە بۆ یاریزانانی دیکە
سەبارەت بە راستی سێیەم، گەورەترین دەستکەوتی دەروونی بوو بۆ ژووری جلگۆڕینی یاریزانان. بۆ چەندین ساڵ، یاریزانانی نەسڕ لەژێر سێبەری دروشمی 'تۆپەکە بدە بە رۆناڵدۆ و ئەو هەموو شتێک چارەسەر دەکات" دەژیان. بەڵام دوورکەوتنەوەی یان هەڕەشەی رۆیشتنی، شۆکێکی ئەرێنی لەناو تیپەکە دروستکرد. یاریزانە ناوخۆیی و بیانییەکان هەستیان کرد کە دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن نەک تەنیا لەپشت ئەفسانەکەوە خۆیان بشارنەوە. ئەمە وایکرد کەسایەتییەکی نوێ بۆ نەسڕ لەدایکببێت کە وەک 'کۆمەڵە' یاری بکات، نەک وەک 'تیپی یەک یاریزان'.