هاندەرانی هەولێر نیگەرانن و زاخۆ چاوی لە گەڕانەوەی شێرکۆیە
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی حەڤدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر بەبێ هاندەر یاری دەکات و ئەرکی ئاسان نییە، یانەکانی دهۆک، زاخۆ و نەورۆزیش دوور لە یاریگە و هاندەرانیان دەیانەوێت درێژە بدەن بە ئەنجامە باشەکانیان. یانەی زاخۆ چاوەڕێی گەڕانەوەی شێرکۆ کەریمە، کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە.
یانەی هەولێر چوار یارییە نەیتوانیوە تامی سەرکەوتن بکات، هاندەرانی خستووەتە نێو نیگەرانی و دڵەڕاوکێ، تیپەکە رۆژی پێنجشەممە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری کاژێر 15:00 میوانداریی یانەی نەفت دەکات، ئیمپراتۆر ئامادەکارییەکانی بەشێوەیەکی داخراو ئەنجام دەدات و یاریزانەکانی دوور لە چاوی هاندەران و میدیاکان راهێنان دەکەن.
یارییەکەی هەولێر بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکرێت، بەهۆی سزادانی یانەی هەولێر لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کە دوو یاریی لەنێو یاریگەی خۆیدا بەبێ هاندەر دەبێت یاریی بکات، گەڕانەوەی مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاوی تیپەکە بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆری هاندەران، ئەو ئەستێرەیە بووەتە جێگای بایەخی یانەی ئەهلی میسری و داوای گرێبەستی لێکراوە، بەڵام مستەفا قابیل ئامادەنەبوو ریزەکانی هەولێر جێبهێڵێت، هەرچەندە دوێنێ لە راهێنانەکان دەرکەوت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت یاریی نەکات و ئامادە نەبێت بەهۆی پێکانەوە.
یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ، بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە خاوەن راهێنەرێکی زۆر باشین و ئاساییە لە چەند یاریی رابردوو ئاستی تیپەکەمان باش نەبووە، ئێستا یاریزانەکانمان لە دۆخێکی باشدان و دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن، ئەوەی تایبەت بێت بە مستەفا قابیل دوێنێ تەنیا هەندێک راهێنان لێهاتووی جەستەیی و راکردنی سووکی کردووە و پێناچێت بتوانێت یاری بکات، گەیلان لوقمان گوزینگی تۆزێک هەڵئاوساوە، بەڵام ئەویش ئامادەیە و بارودۆخی باشە".
یانەی نەفت دوو رۆژە گەشتی شاری هەولێری کردووە، یەکەیەکی راهێنانی لەنێو یاریگەی یانەی ئاڵا لە پایتەختی کوردستان ئەنجامدا، بۆ یارییەکە نەفت بێبەشە لە تواناکانی حەوت یاریزانی سەرەکی کە بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن.
عادل نعمە، راهێنەری یانەی نەفت بۆ رووداو روونیکردەوە "یانەی هەولێر بەشێوەیەکی جیاوازتر لە وەرزەکانی پێشوو دەرکەوت و ماوەیەکی دوور و درێژ پێشەنگی ریزبەندی بوو، هەندێک پاشەکشەی کرد لە چەند یاریی رابردوودا، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ویستی گەڕانەوە و بردنەوەیان لە یارییەکەدا هەیە، ئێمە چاومان لە سێ خاڵی یارییەکەیە، بەر لە دوو گەڕ ئێمە هەڵبەز و دابەزمان دەکرد لە رووی ئاستمان، ئێستا لە دوای گۆڕانکاری و هێنانی ژمارەیەک یاریزانی نوێ دەمانەوێت بگەڕێینەوە ئاستی جاران و هێز و توانایەکی باشمان هەیە، هەرچەندە حەوت یاریزانی سەرەکیمان یاریی ناکەن، بەڵام دەمانەوێت لەنێو یاریگەی هەولێر بگەڕێینەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆمان و چاوممان لە سێ خاڵی یارییەکەیە".
یانەی زاخۆ تاقیکردنەوەیەکی قورسی هەیە، لە بەغدا یاریی لەگەڵ یانەی زەورا دەکات، زاخۆ دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامی یاری رابردووی بکاتەوە، ئەوەی بووەتە جێگای دڵخۆشی هاندەرانی سوور پۆشانی خابوور گەڕانەوەی شێرکۆ کەریمە، ئەو ئەستێرەیە باری تەندروستی باشە و چاوەڕواندەکرێت یاری بکات.
شڤان جەمیل، یاریزانی یانەی زاخۆ لەبارەی یاریی داهاتوویان بۆ رووداو سپۆرتس جەختیکردەوە "یاریی رابردوومان لەبیرکردووە و تۆپی پێ هەموو کات یەکسانبوون و بردنەوەی تێدایە، هەموو ئامادەکارییەکمان و هزرمان لەسەر ئەوەیە بۆ بردنەوە لە یانەی زەورا ".
یانەی دهۆک دوای هاتنی عەبدولغەنی شەهد، گەورە راهێنەری عێراق ئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن و تیپەکە بووەتە مایەی سەرنج و ژمارەیەکی قورس لە خولەکەدا، ئەلهۆیێ چیای ئەمجارە لە یاریگەی نەجەف شەڕی یانەی کارەبا دەکات و دەیەوێت سەرکەوتنێکی دیکە پێشکەشی هەوادارانی بکات.
ئێستا یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی زاخۆ 27 خاڵی هەیە و لە پلەی هەشتەمە، یانەی دهۆک 25 خالی هەیە لە پلەی نۆیەمە، نەورۆز 16 خاڵی هەیە و لە پلەی شازدەمە.