راهێنەری فەرەنسا: ئێمباپێ خۆپەرستە و راناکات
رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا رایگەیاند، کیلیان ئێمباپێ خۆپەرستە و لە یارییەکاندا زۆر راناکات.
دیشام لە فێستیڤاڵی میدیای وەرزشییدا لە شاری لاڤالی فەرەنسا قسەیکرد و گوتی، "کیلیان دەبێ خۆپەرست بێت". دووپاتیکردەوە "پێشبینی ناکات لە هەر یارییەکدا ئەو 11 کیلۆمەتر لەپێناو تیپەکەدا رابکات".
دیشام لە فێستیڤاڵەکەدا وتاری سەرەتای پێشکێشکرد و باسی لە پەیوەندیی خۆی بە میدیاوە کرد، ئەو وتارەکەی لەژێر ناوی 'نابێ راهێنەر ئەوە بڵێت'، دەڵێ، ئەگەر بتانەوێت کیلیان لە هەر یارییەکدا 11 کیلۆمەتر رابکات، چاوەڕێی ئەوە مەبن، چونکە ئەو، ئەوە ناکات.
رۆژنامەنووسێک لە دیشامی پرسیوە، بەڕای تۆش کیلیان تاکە یاریزانە لە تیپەکەدا کە بەپێی پێویست راناکات؟
دیشام لە وەڵامدا دەڵێ، ئەوەی تۆ باسی دەکەیت تەنیا گۆڵپارێز ئەوە دەکات، ئەوە بۆچوونی ئێوەیە. پێموانییە وابێت، ئەگەرچی هەندێک یاریزان هەن لەوەش کەمتر رادەکەن.
راهێنەرە تەمەن 57 ساڵانە فەرەنسییەکە هەروەها دەڵێ، "ئەگەر بتانەوێت ئەو لە هەر یارییەکدا لانیکەم 11 کیلۆمەتر رابکات، پێویست ناکات، چونکە ئەو، ئەو داواکارییە جێبەجێ ناکات".
گای ستیڤان، کە یاریدەدەری دیشامە لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە بەشێکی گفتوگۆکەدا بەشدارییکرد و گوتی، "ئێمباپێ زۆر راکردنی بەهێز و خێرای هەیە لە کاتی یارییەکاندا، کە بەماوەیەکی کەم ئەنجامی دەدات".
دیشام کە بڕیارە لە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026 دەست لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەڵبگرێت، دەڵێ، "لەوانەیە کەسایەتیی ئێمباپێتان بەدڵ نەبێت، بەڵام یاریزانە لاوەکان ئەویان خۆشدەوێت. دەکرێ وێنای ئەو بکەن وەک کەسێکی خۆپەرست و گۆشەگیر، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە دەبێ هێرشبەر خۆپەرست بێت، بەڵام من دڵنیام لەوەی کە ئەو لە نێو هەڵبژاردەی فەرەنسادا سەرکردەیە و وەک سەرکردەش هەڵسوکەوت دەکات".
کیلیان لە ماوەی دوو وەرزی رابردووی یارییکردنی لە ریال مەدریدی ئیسپانی، رووبەڕووی رەخنەی زۆری بووەتەوە، بەهۆی هاوکارینەکردنی تیپەکە لە دۆخی بەرگریدا. میدیاکان ئەو بەکەمتەرخەم ناودەبەن لە ئەرکی هاوکاریکردنی بەرگریکاران، لە کاتێکدا ریال مەدرید بەدەست کێشەی ئەنجامەکانەوە دەناڵێنێت.