هاندەرانی یانەیەکی گەورە داوای گواستنەوەی رۆناڵدۆ لە یانەکەیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەیەکی نێودار داوا لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ واژۆبکەن.
دوای ئەو کێشانەی یاریزانەکە بەهۆی بازاڕی گواستنەوەی زستانە لەگەڵ یانەی نەسڕ دروستبوون، دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی رۆناڵدۆوە بڵاودەکرێنەوە، هاندەرانی یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی لە سۆشیاڵ میدیا داوا لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ بکەن.
هاندەرانی ریڤەرپلەیت بە هاشتاگی #CR7ARiver لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوا لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ پاشا بکەن، لەکاتێکدا یاریزانەکە کێشەی لەگەڵ یانەی نەسڕ هەیە.
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی پۆرتوگالیش هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ پۆرتوگال دەکەن و دەڵێت ئەمڕۆ یاریزانەکە بەشداری لە مەشقەکاندا دەکات.
رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی دەڵێت "رۆناڵدۆ لە ریازە، ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لە گەڕانەوەی بۆ پۆرتوگال دەکەن و رۆژی چوارشەممە یاریزانەکە بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەیدا دەکات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی رۆژی هەینی بەرامبەر یانەی ئیتیحاد."
سەرچاوەکە دەڵیت "راست نییە کە رۆناڵدۆ بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەدا نەکردووە، لە بنەڕەتدا یانەکە مەشقی نەکردووە و ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە بهێنێت کە باس لە ناڕەزایەتیی ئەو یاریزانە دەکەن بەهۆی گرێبەستەکانی یانەکە و پەیوەندیکردنی کەریم بنزیما بە یانەی هیلالەوە.
میدیای سعودی دەڵێت "بەرپرسانی خولی سعودی بە رۆناڵدۆیان گوتووە، وەلید بن تەڵاڵ پارەی گرێبەستەکانی هیلالی دابینکردووە و ئەگەر نەسڕ بیەوێت گرێبەستی نوێ گرانبەها بکات دەبێت لە پارەی خۆیان یاریزانی نوێ بگوازنەوە."
بەپێی ئەو گرێبەستەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ هەیەتی، هەر رۆژێک یاریزانەکە بەشداری لە مەشقەکاندا نەکات 580 هەزار یۆرۆ لەسەر ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەکەوێت.