هەواڵی نوێ لەبارەی داهاتووی مێسییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دیارنییە، یاریزانەکە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
 
سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی بە ناوی ( LaVanguardia) دەڵێت " لیۆنێل مێسی دەستەورەی یەکەمی پاریس سانجێرمانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە رەتکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کە یانەکە دەیەوێت مووچەی یاریزانەکە کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە یاسای یاریی خاوێن بپارێزێت، بەڵام مێسی بەو مووچەیە رازی نییە، کە یانەکە دەیەوێت لە گرێبەستی نوێدا پێیبدات."
 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەگەر مێسی لە پاریس سانجێرمانیش بڕوات، ئەوا گونجاو نییە ئێستا بچێتە خولی ئەمریکا، بەڵکو یاریزانەکە دەیەوێت لە ئەوروپا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەباشترین ئاستەوە بەشداری لە کۆپا ئەمریکای 2024 بکات.
 
لایەکی دیکەوە رۆژنامەی مەیدانی سعودی دەڵێت " هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی یانەی هیلالی سعودی لەگەڵ خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەکە بکەن."
 
مێسی تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە یانیش بچێتە یانەیەکی دیکە، بەتایبەت کە هێشتا دیارنییە پاریس سانجێرمان لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت یان ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
گرێبەستی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ یانەکە کۆتاییدێت، ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە، بەڵام هێشتا دیارنییە مێسی چی دەکات.
 
ئانتۆنێلای هاوژینی مێسی و منداڵەکانی لە پاریس دڵخۆشن و لەگەڵ ژیانی ئەو شارە راهاتوون، بۆیە رەزامەندیی ئەوان بە مانەوە لە پاریس سانجێرمان ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری مانەوەی یاریزانەکە لە خولی فەرەنسا.