مێسی: ئامانجی ئەم وەرزەمان بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەمریکایە

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، ئامانجی ئەم وەرزەی خۆی و یانەکەی ئاشکراکرد و دووپاتیکردەوە کە دەیانەوێت ببنە پاڵەوانی خولی ئەمریکا.
 
مێسی پەسنی تیپەکەی دەدات دوای دەستپێکردنێکی سەرنجڕاکێشی وەرزی 2024 لە خولی گەورەی تۆپی پێی ئەمریکا.
 
ئینتەرمەیامی لەم وەرزەدا لە سێ یاریی یەکەمی خۆیدا دوو بردنەوە و یەک یەکسانبوونی بەدەستهێناوە و بە 7 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی کۆمەڵەکەیانی گرتووە.
 
لە دوایین یاریی خۆیدا، ئینتەرمەیامی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی بەئەنجامی 5-0، کە لەو یارییەدا لیۆنیل مێسی و لویس سوارێز درەوشانەوە و هەر یەکێکیان دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
مێسی دوای دەستپێکردنێکی بەهێزی وەرزی نوێی خولی ئەمریکی، لە لێدوانێکدا پەسنی تیپەکەی دا، و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاستی ئینتەرمەیامی لەم وەرزەدا، گوتی "زۆر باشە کە بەمشێوەیە دەستی پێدەکەین و زۆرترین خاڵ بەدەستدێنین پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکانی وەک کۆپا ئەمریکا و جامی خولەکان و هەموو ئەو شتانەی دوای ئەوە دێن".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، پاڵەوانی جیهان، گوتی "ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین رکابەری لەسەر نازناوی خولی ئەمریکی بکەین. دەزانین رێگاکە درێژە و ئەمە تەنیا سەرەتایەکە، ئێمە بەباشی درک بەوە دەکەین، بەڵام ئامانجمان نازناوەکەیە و با هەوڵی بۆ بدەین".
 
لیۆ هەروەها پەسنی هاورێکەی لویس سوارێزی دا و گوتی "زۆر دڵخۆشم، ئێمە دەزانین سوارێز کێیە و دەتوانێت چی بکات، پێموایە هەمووان ئەوە دەزانن، ئەی وانییە؟".