بارسێلۆنا ماڵئاوایی لە جامی شای ئیسپانیا کرد
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لە یاریگای خۆیدا لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە، لە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەرکرا.
ئاتلێتیکۆ مەدرید سوودی لە سەرکەوتنەکەی یاریی چوون بینی کە لە یاریگای خۆیدا بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر تۆماری کردبوو، بەمەش بە ئەنجامی 4-3 لە کۆی هەردوو یارییەکەدا سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی.
سێ گۆڵەکەی بارسێلۆنا لەلایەن مارک بێرناڵ دوو گۆڵ لە خولەکەکانی 2٩، 72 و رافینیا لە خولەکی 45+5 لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆمارکران، بەڵام ریمۆنتاداکەی بارسا تەواو نەبوو، چونکە پێویستیان بە گۆڵی چوارەم هەبوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یاریی چوون.
هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی بەڵێنەکەی بۆ هاندەرانی بارسا بەجێ نەگەیاند، کە دوێنێ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی "مەحاڵ دەکەین بە ڕاستی".
یارییەکە بە هێرشێکی تووندی بارسێلۆنا دەستی پێکرد، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید پەنای بۆ بەرگری برد بە زۆربەی یاریزانەکانییەوە.
لە خولەکی 29دا بارسێلۆنا یەکەم گۆڵی تۆمارکرد، کاتێک لامین لە لوکمانی بڕی و پاسێکی بۆ ناوچەی گۆڵ نارد، لەوێ مارک بێرناڵ ئامادە بوو و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
دوایین خولەکەکانی نیوەی یەکەم پێدری لە ناوچەی سزادا کەوت و ناوبژیوان لێدانی سزای هەژمارکرد، رافینیا لە خولەکی 45+5 دا گۆڵی دووەمی بارسێلۆنای تۆمارکرد.
نیوەی دووەم بە هەمان سیناریۆی یەکەم دەستی پێکرد، بەڵام هێرشەکانی بارسێلۆنا تووندتر بوون، بەو پێیەی پێویستیان بە دوو گۆڵی دیکە هەبوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە.
خوان موسۆ، گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ مەدرید درەوشایەوە و بەرپەرچی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی بارسێلۆنای دایەوە و رێگری کرد لەوەی بارسا چەند گۆڵێکی مسۆگەر تۆمار بکات.
لە خولەکی 64 دا، راشفۆرد و ئۆڵمۆ لە شوێنی فێرمین لۆپێز و فێران تۆرێس هاتنە ناوەوە بۆ چالاککردنی هێڵی هێرشبەر و هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر.
یارییەکە لە خولەکی 72دا گەرمتر بوو کاتێک ئەنجامەکە بوو بە 3-0 بۆ بارسێلۆنا، کانسێلۆ تۆپێکی بەرز کردەوە و بێرناڵ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
ناوبژیوان 6 خولەکی وەک کاتی زیادکراو هەژمارکرد، تێیدا بارسێلۆنا بە تووندی پەستانی دروستکرد، لە بەرامبەردا ئاتلێتیکۆ مەدرید هەوڵی شەرمنانەی دەدا بۆ کوشتنی یارییەکە بە گۆڵێک.
بارسێلۆنا زۆر نزیک بوو لە ریمۆنتادا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و بەمەش لە قۆناخی پێش کۆتایی ماڵئاوایی لە جامی شای ئیسپانیا کرد.