رۆژی پێنجشەممە بڕیار لە چارەنووسی فینالیسیما دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتە بۆ یاریی فینالیسیمای نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا ماون و تاوەکو ئێستا دیارنییە چارەنووسی یارییەکە چی بەسەردێت.
 
بەهۆی بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە دەوحە لەلایەن ئێرانەوە، چارەنووسی ئەو یارییە پرسیاری لەسەرە، لەکاتێکدا بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە یارییەکە لە قەتەر بەڕێوەبچێت، بەڵام زەحمەتە یارییەکە لەو وڵاتە بکرێت.
 
ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوام هاندەران پرسیاری داهاتووی ئەو یارییە دەکەن، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، یارییەکە لە کوێ بەڕێوەدەچێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، رۆژی پێنجشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبۆڵ) کۆدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یارییەکە و بڕیاردان لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو یارییە.
 
ئەگەری گواستنەوەی یارییەکە لە دەوحەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لەکاتێکدا لە چەند رۆژی رابردوودا ئێران چەندینجار دەوحەی بۆردوومان کردووە و سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانیش لە قەتەر راگیراون.
 
چەند یاریگەیەک ناویان دەهێنرێت کە یارییەکەی تێدا ئەنجامبدرێت، یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید، ئۆڵیمیکۆ لە رۆما، مێتلایف لە ئەمریکا و وێمبڵی لە لەندەن، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لە بژاردەیەکی نوێ دەکەن.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "دوور نییە یارییەکە بگوازرێتەوە بۆ یاریگەی مولای عەبدوڵڵا لە ریباتی پایتەختی مەغریب، بەتایبەت کە یاریگەکە 70 هەزار هاندەر دەگرێت و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا میوانداریی یارییەکانی جامی ئەفریقای کردووە."
 
بژاردەی مەغریب بۆ ئەنجامدانی یارییەکە لەکاتێکدایە، راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین و ئیسپانیا رەتیانکردووەتەوە ئەو یارییە لەوێ ئەنجامبدەن.
 
جگە لە ئەگەری گواستنەوە و گۆڕینی شوێنی یارییەکە لە دەوحەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بژاردەیەکی دیکە هەیە و ئەگەری هەیە یارییەکە دوابخرێت بۆ کۆتایی وەرز و وەکو ئامادەکارییەک بێت بۆ هەردوو هەڵبژاردە بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026.