ریال مەدرید راهێنەرێکی نوێی دەستنیشانکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی میدیای مەدرید، یانەی ریال مەدرید چاوی بڕیوەتە ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی ئەی سی میلان و سەرۆکی یانەکە ئەو راهێنەرەی وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ ئەلڤارۆ ئەربێلۆا پێش دەستپێکی وەرزی 2026/2027 دادەنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە یانەکە لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە.
یانەی ریال مەدرید لە سەرەتای ئەم وەرزەدا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە چابی ئەلۆنسۆی لە کارەکەی دوورخستەوە و ئەلڤارۆ ئەربێلۆای راهێنەری کاستیای وەک چارەسەرێکی کاتی دەستنیشانکرد، ماوەی راهێنەرایەتی ئەربێلۆا ئەنجامی جیاوازی بەدەستهێناوە، لە لایەک سەرکەوتنی وەک 2-0 بەرامبەر ڤیاریال و سەرکەوتن بەسەر بێنفیکا و گەیشتن بە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە لایەکی دیکەوە تووشی شکست بوو بەرامبەر ئەلباسێتی کە لە پلە دووی ئیسپانیا یاریدەکات و لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرا، لەگەڵ ئۆساسونا دۆڕا و چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرامبەر خیتافیش شکستیهێنا. ئەمەش گومانی زۆری لەسەر تواناکانی ئەو راهێنەرە دروست کردووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای ئەم شکستانەی راهێنەرە لاوەکان، بیری بەتەواوی گۆڕاوە و چاوی بڕیوەتە راهێنەرە خاوەن ئەزموونەکان و ئەوانی پێ باشترە بەبەراورد بە بژاردە کەم ئەزموونەکان، حەزی پێرێز بۆ سەرکردە ناسراوەکان لەم بێئومێدییەکانی ئەم وەرزەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر بۆیە پلاندانانی پێشوەختە بۆ گۆڕانکاری لە هاویندا دەستی پێکردووە.
بەپێی میدیای مەدرید، پێرێز دەیەوێت ماسیمیلیانۆ ئالێگری بکاتە راهێنەری یانەکە و پڕۆژەی وەرزی داهاتوو لە دەوروبەری ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە بونیادبنێت.
ماسییمیلیانۆ ئالێگری تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ ئەی سی میلان هەیە، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتە، ئەو لەگەڵ یوڤێنتوس لە 2014ـەوە تاوەکو 2019 دەستکەوتی نایابی هەبوو، ئەو 5 نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستهێنا و دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
ئەمە سێیەم جارە ریال مەدرید هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئالێگری دەدات، دوای ئەوەی لە ساڵانی 2019 و 2021 بەهۆی دڵسۆزیی بۆ یوڤێنتوس گفتوگۆیەکانیان سەریان نەگرت، میدیای ئیتاڵیا ئەمجارە جەخت لە سەرسامی پێرێز بە شارەزایی ئالێگری لە بردنەوەی نازناوەکان و تەکتیکە واقعییەکانی دەکەنەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز پلانی سەرەکیی خۆی، گەڕانە بەدوای راهێنەرێک کە خاوەن ئەزموون بێت بۆ بەڕێوەبردنی پێکهاتە پڕ لە ئەستێرەکەی ریال مەدرید، ئەو ئالێگری وەک بژاردەیەکی سەلامەت و بە ئەزموون دەبینێت بەراورد بە راهێنەرە نوێیەکان، هەرچەندە ناوی یۆرگن کڵۆپیش هێنراوە، بەڵام بەهۆی پۆستەکەی لە کۆمپانیای رێد بوڵ دەستکەوتنی ئەستەمە، پێشتریش دەنگۆی لیۆنێل سکالۆنی، براوەی مۆندیال هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئالێگری لە پێشەنگی پلانەکانیدایە، ئەم ستراتیژە رەنگدانەوەی مێژووی پێرێزە لە پشتگیریکردنی کەسایەتییەکانی وەک ئالێگری لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا.
سەرەڕای هەندێک نادڵنیایی ناوخۆیی، ئەلێگری لەم دواییانەدا دەنگۆی رۆیشتنی لە میلان رەتکردەوە و جەختی لەسەر هەماهەنگیی ناو یانەکە کردەوە، گرێبەستەکەی رەنگە دانوستاندنەکان ئاڵۆز بکات، میلان سەرەڕای هەموو کێشەکان، ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵییە، ئەو بەرەوپێشچوونەش لەچاو پێکهاتە ئاساییەکەی میلان زیاتر سەرنجی بەڕێوەبەرانی یانەی ریال مەدرید راکێشاوە، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی دروست نەکراوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێرێز بەڕاستی بیر لەم هەنگاوە دەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە وەرزی داهاتوودا.