ڤیدیۆ؛ وڵڤەرهامپتۆن لە شەوێکی لەبیرنەکراودا لە لیڤەرپوولی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وادیارە، یانەی وڵڤەرهامپتۆن نایەوێت وا بە ئاسانی ماڵئاوایی لە پرێمەرلیگ بکات و چاوی لەوەیە تاوەکو دوایین هەناسە رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا بکات.
وڵڤەرهامپتۆن، یارییەکی پاڵەوانانەی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا ئەنجامدا و بردنەوەیەکی گرنگ و مێژووییان بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول تۆمارکرد، لەکاتێکدا ئەوان خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی پرێمەرلیگن.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولەکە لە یاریگەی مۆلینا ئەنجامدرا، لە نیوەی یەکەمدا خاوەن یاریگە هەموو ئامانجی ئەوەبوو گۆڵەکەی بپارێزێت و سەرکەوتوو بوو، نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی و بەبێدەنگیی هەردوولا کۆتاییهات.
لە خولەکی 78 دوور لە چاوەڕوانییەکان، رۆدریگۆ گۆمێس بەخێراییەکی زۆر گەیشتە نێو ناوچەی سزای لیڤەرپوول و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
زۆری نەبرد، محەممەد سەڵاح ئەنجامەکەی بۆ رێدز یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا، هاندەرانی لیڤەرپوول چاوەڕێی گۆڵی دووەم و کاردانەوەی تیپەکەیان بوون، بەڵام پێچەوانەی ئەوە روویدا.
لە خولەکی 94 ئاندرێ بەلێدانێک بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی لیڤەرپوولی هەژاند، یاریگە پڕبوو لە ئاهەنگگێڕانی هاندەرانی وڵڤەرهامپتۆن و خاوەن یاریگە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا.
چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکە
وڵڤەرهامپتۆن لە یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول تەنیا 34٪ـی کۆی گشتی تۆپی لەلابوو، تەنیا 3 لێدانی بۆ گۆڵی تیپی بەرامبەر هەبوو، بەڵام دوو گۆڵی تۆمارکرد.
تاوەکو گەڕی 20ـی پرێمەرلیگ، وڵڤەرهامپتۆن هیچ بردنەوەیەکی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا نەبوو، ئێستا خاوەنی سێ بردنەوەیە.
یەکەمجارە یانەکە لەم وەرزەدا لە دوو یاریی لەسەریەک بردنەوە تۆمار دەکات.
لە گەڕی رابردووی خولەکەدا، لە ئاستۆن ڤیلای سێیەمی ریزبەندی خولەکەیان بردەوە و لەم گەڕەدا بەرامبەر لیڤەرپوولی پێنجەم سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
دوو هەفتە لەمەوبەریش لە یاریگەیان خۆیان یانەی ئارسیناڵیان لە بردنەوە بێبەشکرد و لەگەڵیدا یەکسانبوون.
ئێستا وڵڤەرهامپتۆن 30 یاریی ئەنجامداوە، تەنیا 3 بردنەوەی هەیە، 7 جار یەکسانبووە و 20 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە لە پلەی کۆتایی ریزبەندە بە 16 خاڵ و 11 خاڵ لە پلەی حەڤدەیەمەوە دوورە، ئەوان پێویستیان بە شۆڕشێکە لە بەدەستهێنانی خاڵدا بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا بکەن.