لێدوانی فەرمیی ترەمپ لەبارەی بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلێدوانێکدا لەبارەی بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیالدا 2026 دەڵێت "بەلامەوە گرنگ نییە ئێران بەشدار دەبێت یان نا."
 
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە، پرسیارێکی سەرەکی ماوەی چەند رۆژێکە قسەی لەبارەوە دەکرێت، ئەویش ئەوەیە ئایا ئێران بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکات یان نا؟
 
کەمتر لە 100 رۆژ ماون بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026، کە رکابەرییەکانی لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدرێن، هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن و نەکردنی لە مۆندیالدا نەداوە، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەش دەڵێت "لەکاتێکی گونجاودا، بەرپرسانی باڵای وەرزشی وڵاتەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە دەدەن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەری پۆلیتیکۆی ئەمریکی لەبارەی ئێران و مۆندیالەوە گوتی "بەڕاستی بەلامەوە گرنگ نییە، ئێران بەشدار دەبێت یان نا، پێموایە ئێران وڵاتێکی زۆر تێکشکاوە."
 
ئێران بۆ چوارەمجار لەسەریەک گەیشتووەتە مۆندیال، هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەی حەوتەمە و بەرامبەر نیوزیلاند، بەلجیکا و میسر یاریی دەکات، بەڵام هێشتا دیارنییە ئێران بەشداری لە مۆندیالدا دەکات یان نا.
 
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە تەلەڤزیۆنی ئێرانی راگەیاندووە، لەم دۆخە ناتوانین بەهیواوە سەیری مۆندیال بکەین و بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەکە بڕیار دەدەن.
 
ماتیا گرافسترۆم، سکرتێری گشتی فیفا، چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند، بەلای ئێمەوە گرنگە مۆندیالێکی سەلامەت و بەبەشداریی هەمووان بەڕێوەببەین.