مەترسیدارترین راهێنەری تۆپی پێ بۆ هەر گۆڵێک پاداشت دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نیکۆلاس جۆفێر، ناوی راهێنەرێکە، ئەوانەی سەیری پرێمەرلیگ دەکەن، هاندەری ئارسیناڵن و هەرکاتێک ئارسیناڵ بە تۆپی جێگیر گۆڵی لە تیپەکانیان کردبێت، زۆربەباشی دەیناسن، یانیش بەلای کەمەوە دەزانن ناوی چییە؟
 
راهێنەرەکە تەمەنی 44 ساڵە، ئەڵمانییە و لە بەرلین لە دایکبووە، راهێنەری تایبەتی تۆپی جێگیرە لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی.
 
لە 2025ـەوە گرێبەستی لەگەڵ ئارسیناڵ نوێکردووەتەوە و تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستەکەی بەردەوامدەبێت، میدیای بەریتانیا دەڵێت "لە گرێبەستە نوێکەیدا بڕگەیەکی نوێی بۆ زیادکراوە، کە هەر کاتێک ئارسیناڵ بە تۆپی جێگیر گۆڵ بکات، ئەو راهێنەرە پاداشتێکی زیاتر وەردەگرێت."
 
لە دوایین یارییدا لە پرێمەرلیگ کە یەکشەممە بەڕێوەچوو، ئارسیناڵ دێربیی لەندەنی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، هەردوو گۆڵەکە بە تۆپی جێگیر تۆمارکران و ژمارەی گۆڵەکانی ئارسیناڵ لە وەرزی 2025-2026 لەم وەرزەدا گەیشتنە 24 گۆڵ لە رێگەی تۆپی جێگیرەوە.
 
بەو دوو گۆڵە جارێکی دیکە ئەو راهێنەرە بووەوە بابەتی گەرمی میدیاکان و وردەکاریی نوێ لەبارەی گرێبەستەکەیەوە ئاشکراکران.
 
گانەرز لەم وەرزەدا زۆرترین سوودی لە تۆپی جێگیر وەرگرتووە، 16 گۆڵی لە رێگەی سوود وەرگرتن لە کۆڕنەرەوە تۆمارکردووە و ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە و 9 سەرکەوتنیشی لە رێگەی ئەو گۆڵانەوە بووە کە بە تۆپی جێگیر تۆمارکراون.
 
ئەوەی لەم وەرزەدا لە ئارسیناڵ روودەدات رەنگدانەوەی کارکردنی ئەو راهێنەرەیە لەگەڵ ستافی راهێنەرایەتیی یانەکە.
 
جۆفێر، پێشتر لە 2009 تاوەکو 2016 لە یانەی مۆنپێلێی فەرەنسی شیکەرەوەی ڤیدیۆیی بوو، پاشان سێ وەرز لەگەڵ یانەی برێنتفۆرد کاریکردووە، لە 2019 لەسەر پێشنیازی میکێل ئارتێتا، راهێنەرەکە پەیوەندیی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە کرد و لەگەڵ پێپ گواردیۆلا کاری دەکرد، دوای ئەوە لە ساڵی 2021 پەیوەندیی بە یانەی ئارسیناڵەوە کرد و گرێبەستەکەی لە 2027 کۆتاییدێت. ئێستا نیکۆلاس جۆفێر بە دیارترین راهێنەری تایبەت بە تۆپی جێگیر دادەنرێت.