ڤیدیۆ؛ چیچاریتۆ دەستی بە گۆڵکردن کردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەستێرەی مەکسیکی، خاڤێر هێرناندێزی ناسراو بە چیچاریتۆ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکەوتنێکی نوێی بۆ یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسی لە خولی تۆپی پێی ئەمریکادا بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی بەهێز و پڕ لە توند و تیژیدا، یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسی بووە میوانی یانەی پۆرتلاند تیمبێرز و 3-1 لێیبردەوە.
 
گۆڵێکی زووی چیچاریتۆ و لەگەڵ گۆڵێکی دیکە کە بەیل تویلۆمای بەرگریکاری پۆرتلاند بە هەڵە لە گۆڵی خۆیانی تۆمارکرد، وایکرد گالاکسی لە 17 خولەکی یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر پێشبکەوێت.
 
لە دواخولەکەکانی نیوەی یەکەمدا، پابلۆ بۆنێلای بەرگریکاری یانەی خاوەن یاریگە بە کارتی سوور دەرکرا.
 
دوای 5 خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەم، بەیل تویلۆما هەڵەکەی چاککردەوە و بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی یەکەمی بۆ پۆرتلاند تۆمارکرد، بەڵام چیچاریتۆ و هاوڕێکانی سوودیان لە کەمی ژمارەی یاریزانانی تیپی بەرامبەر وەرگرت و هێرشبەری مەکسیکی گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد، کە ئەمە چوارەم گۆڵی بوو لەم وەرزەدا.
 
ناوبژیوانی یارییەکە بەر لەوەی فیکەی کۆتایی لێبدات، بۆ دووەمجار یاریزانێکی پۆرتلاندی دەرکرد، کاتێک کارتی سووری بە رووی مارکۆ دیلگادۆدا بەرزکردەوە.