مانچێستەر سیتی بەئەنجامێکی گەورە لیڤەرپوولی لە جامی ئینگلتەرا دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی لە دوایین یارییدا نازناوی کاراباو کەپی بردەوە، لە قۆناخی هەشتی جامی یەکێتیی ئینگلتەراشدا لیڤەرپوولی دەرکرد و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە. ئیدی هەوڵدەدات لە پرێمەرلیگیشدا رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، ئەگەرچی ئەرکەکەی ئاسان نییە.
مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی بەر لە هەفتەی فیفا جامی کاراباو کەپی بەدەستهێنا پاش ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا 2-0 لە ئارسیناڵی بردەوە، ئەمجارەش لە قۆناخی هەشتی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەئەنجامێکی گەورە 4-0 لە لیڤەرپوولی بردەوە، کە تێیدا ئێرلینگ هالاند پیاوی یارییەکە بوو بە تۆمارکردنی هاتریک.
یارییەکە لەسەر یاریگای ئیتیحاد بەڕێوەچوو، کە هەرزوو کوڕانی پێپ گواردیۆلا باڵادەستیی خۆیانیان سەلماند، بەڵام تاوەکو خولەکی 39 نەیانتوانی گۆڵ بکەن، کاتێک لێدانی سزایان بۆ هەژمارکرا و هالاند بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد.
هەمان یاریزان لە خولەکی دوووەمی زیادکراوی گێمی یەکەمدا بەسەر گۆڵی دوووەمی بۆ تیپی خاوەن یاریگا زیادکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی تیپەکەی گواردیۆلا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە هیچ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا هیچ شتێک نەگۆڕا و باڵادەستییەکە هەر لای پێپ و یاریزانەکانی بوو، کە دوای تەنیا 5 خولەک ئانتوان سێمینیۆ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
دوای تەنیا 7 خولەکی دیکە ئێرلینگ هالاندی پیاوی یارییەکە گەڕایەوە و گۆڵی هاتریکی خۆی و چوارەمی یارییەکەی تۆمارکرد.
هەرچەندە محەممەد سەڵاح لە خولەکی 64 لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، بەڵام لەدەستیدا و یارییەکە بەئەنجامی چوار بەرامبەر بە هیچ لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی کۆتاییهات و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.