رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی دهۆک چاوی لە دڵخۆشکردنی هاندەرانیەتی، کاتێک لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر یانەی تەڵەبە یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک کاژێر 17:00 لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی تەڵەبە یاریی دەکات و یانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
دهۆک لە سێ یاریی رابردوودا دووجار دۆڕاوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، لە دوای بردنەوەی لە شورتە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و چاوی لەوەیە بەبردنەوە لە تەڵەبە هاندەرانی ئاشتبکاتەوە.
بەهۆی نەگەڕانەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، پیتەر گۆرگیس، ئەستێرەی یانەکە بەشداری لەم یارییەدا ناکات.
بەر لە یارییەکە ئەحمەد بەشار، گۆڵپارێزی یانەی دهۆک بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، ئامادەکاریی باشیان بۆ یارییەکە کردووە و دەیانەوێت بەپاڵپشتیی هاندەران سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە ریزبەندی خولەکەدا باشتربکەن.
میوانەکەی ئەمڕۆی دهۆک شەش یارییە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ و دەیەوێت زیاتر لە یانەی هەولێری سێیەم نزیکببێتەوە.
یانەی دهۆک ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندە، 9 یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاندووە و خاوەنی 34 خاڵە.
دۆڕان لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ناڕەزایەتیی هاندەرانی یانەی دهۆک زیاتر دەکات و بردنەوەی یارییەکەش دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی یانەکە بۆ نێو رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ