نەورۆز خۆی بۆ بردنەوەیەکی دیکە ئامادەکردووە و سێ یاریزانی یاریی ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی کاژێر 17:00 بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات، تیپە کوردستانییەکەی سلێمانی چوار یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە و بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەکردووە.
جگە لەوەش چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر وەلی کەریم، راهێنەری یانەکە بەباشترین راهێنەری مانگی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشانکرا، ئەمە ورەیەکی زیاتری داوەتە تیپەکە.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، رەوا یوسف، بەهۆی وەرگرتنی 5 کارتی زەرد و هەریەکە لە نێتۆ ئاکارا و حوسام مالیک بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەورۆز بۆ یارییەکە ئامادەیە.
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت و لە ناوچەی گەرم ئامادەکارییەکی باشتر و مامەڵەیەکی تایبەتی پێویستە، ئێمە بە دۆخێکی ئەرێنیدا تێدەپەڕین لە دوایین 10 یارییدا 8 یارییمان بردووەتەوە، ئێمە پێشەنگی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقین."
وەلی کەریم زیاتر گوتی "متمانەی تەواوم بە هەموو پێکهاتەی تیپەکەم هەیە، کاتێک دەچنە نێو یاریگە، ئێمە تواناکانمان بۆ رکابەریکردنێکی بەهێز بەرامبەر یانە گەورەکانی وەکو شورتە، زەورا و تەڵەبە پێشانداوە."
یانەی نەورۆز ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و 37 خاڵی هەیە، یانەی دیالە لە پلەی چواردەمە بە 31 خاڵ.