لووتکەی لالیگا؛ بارسێلۆنا بۆ تۆڵەکردنەوە دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی لالیگا دوای کۆتاییهاتنی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەستپێدەکەنەوە، لە شەوێکی تایبەتدا بارسێلۆنا دەیەوێت تۆڵەی جامی شا لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بکاتەوە.
لە یاریی لووتکەی رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئیسپانیا، ئەمشەو کاژێر 22:00 یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید میوانداریی بارسێلۆنا دەکات و ئەمە بەهێزترین یاریی گەڕەکە دەبێت.
بارسێلۆنا لەکاتێکدا ئەم یارییە بەرامبەر رۆخی بلانکۆس دەکات، مانگێک لەومەبەر لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کرایە دەرەوە و دەیەوێت تۆڵەی ئەو شکستەی بکاتەوە.
جگە لەوەش لە چامپیۆنزلیگیشدا رکابەرەکەی هەر ئاتلێتیکۆ مەدریدە و یارییەکە هێندەی دیکە چاوی لەسەر دەبێت.
بەر لەم یارییە هەریەکە لە ژول کۆندێ و ئەلیخاندرۆ باڵدێ گەڕاونەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن.
فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکە گرنگەکەدا ناکات.
لە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، مارکۆس یۆرێنتی، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانی، یان ئۆبلاک، پابلۆ باریۆس و رۆدریگۆ مێندۆزا بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە، بارسێلۆنا بە 73 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە، ئاتلێتیکۆ مەدرید 57 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە.
بارسا چوار خاڵ لە ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەوان دەخاتە نێو رکابەرییەکی زەحمەت و رکابەریکردن لەسەر خولەکە زیندوو دەکاتەوە.