بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ کێشەیەک بەرۆکی ئەربێلوای گرتووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بەهۆی جود بێلینگهامەوە،کە نازانێت سەرکێشی پێوە بکات یان نا، چونکە هێشتا گومانی ئەوە هەیە لە پێکانەکەی چاک نەبووبێتەوە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرایکرد کە ریال مەدرید دواجار دەستی کردووە بە گەیشتن بەو هاوسەنگییە هونەرییەی کە چاوەڕوان دەکرا، ئەمەش دوای نزیکەی سێ مانگ لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی لەلایەن ئەلڤارۆ ئەربێلواوە وەک جێگرەوەی چابی ئەلۆنسۆ.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە کە ئەم پێشکەوتنە بەو مانایە نییە کە تیپەکە لە قەیرانەکان پارێزراوە، بەتایبەتی لەژێر سێبەری 'تارمایی پێکانەکان' کە هێشتا هەڕەشە لە سەقامگیرییەکەی دەکەن. پێشتر ئەربێلوا هۆشداری دابوو کە ئەگەر تیپەکە لەوپەڕی ئامادەییدا نەبێت، لەوانەیە بەرامبەر هەر رکابەرێک تووشی شکست بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانەکان لە ئێستادا زۆر ئەرێنین؛ تیپەکە توانیویەتی پێنج سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک بەدەستبهێنێت، کە دیارترینیان دوو سەرکەوتنی گەورە بوون بەرامبەر مانچێستەر سیتی، لەو یارییانەی کە سەلماندیان ریال مەدرید هێشتا خاوەنی کەسایەتی پاڵەوان و توانای کێبڕکێیە لە بەرزترین ئاستەکاندا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قۆناخە درەوشاوەیە سەرەڕای ئامادەنەبوونی چەند یاریزانێکی سەرەکی بەدەستهاتووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە کیلیان ئێمباپێ کە بەهۆی کێشەی ئەژنۆوە دوورکەوتبووەوە پێش ئەوەی لە ماوەی پشووی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.
هەروەها جود بێلینگهام لە یەکی شوباتەوە لە پێکهاتەی سەرەکی دوورە، ئەمەش لە ناو جۆرێک لە تەمومژاوی کە تۆماس توخێل، راهێنەری ئینگلتەرا، سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و داهاتووی دروستی کردبوو.
نهێنی پشووی نێودەوڵەتی
ئەوەشی خستەڕوو کە بێلینگهام بۆ چەند خولەکێکی کەم لە یاری دێربیی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشداری کرد پێش پشووی نێودەوڵەتی، ئەمەش وایکرد بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا وەک هەنگاوێکی پێویست دەربکەوێت بۆ گەڕاندنەوەی توانای جەستەیی، بەڵام واقیعەکە پێچەوانە بوو، چونکە لە یاریی بەرامبەر ئۆرۆگوای بەتەواوی ئامادەنەبوو، هەروەها بەرامبەر ژاپۆنیش بەشداری نەکرد سەرەڕای ئەوەی لەسەر کورسی یەدەگ بوو.
رۆژنامەکە لێدوانەکانی توخێلی گواستووەتەوە کە جەختی کردووەتەوە یاریزانەکە بەتەواوی ئامادە نییە و دەڵێت "سەرکێشی بە بەشداریکردنی ناکەین بەهۆی چاکبوونەوەی لە پێکانێکی ماسوسلکەیی". ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆیەکی زۆر دەربارەی دۆخی جەستەیی بێلینگهام.
گەڕانەوەیەکی وریایانە بۆ مەدرید
رۆژنامەی ئەی ئێس دووپاتیکردەوە کە بێلینگهام گەڕاوەتەوە ناو لیستی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی مایۆرکا، بەڵام دوورە کە وەک یاریزانی سەرەکی دەستپێبکات. لەم بارەیەوە ئەربێلوا گوتی کە دۆخی یاریزانەکە ئاسایی نەبووە، بەڵام لە بڕیاری سەرکێشی نەکردن پێی تێدەگات و ئاماژەی بەوە کرد بێلینگهام پێویستی بە گەڕانەوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو هەیە بۆ ناو کەشی یارییەکان.
رۆژنامەکە تیشکی خستە سەر هەستیاری کاتی گەڕاندنەوەی بێلینگهام و ئەزموونێکی پێشووی چابی ئەلۆنسۆی بیرهێنایەوە، کە لە یاریی دێربیدا بێلینگهامی بەشداری پێکرد سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی ئامادە نەبوو دوای نەشتەرگەری شانی، کە ئەوکات بە زیان بۆ تیپەکە شکایەوە و بە شکستێکی قورس 5-2 کۆتاییهات.
ئێستا ئەربێلوا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە بۆ بەڕێوەبردنی پێکهاتەکەی، بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەر پلانی 4-4-2 جێگیر بووە کە هێرشبەری وەک ڤینیسیۆس جونیۆر و ئێمباپێ تێدایە، لەگەڵ چوار یاریزانی ناوەند و دەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی یاریزانی لاو تیاگۆ بیتارچ.
متمانەی رەها سەرەڕای ژمارەکان
رۆژنامەکە روونیکردەوە کە لەوانەیە لۆژیک ئاماژە بە دوورخستنەوەی یەکێک لە یاریزانە لاوەکان بکات بۆ چۆڵکردنی شوێن بۆ بێلینگهام، بەڵام بڕیارەکە ئاسان نییە، چونکە ئامارەکانی بێلینگهام لەم وەرزەدا (6 گۆڵ و 4 ئەسیست) کەمتربوون لەوەی چاوەڕوان دەکرا، لەکاتێکدا تیاگۆ پیتارچ ئاستێکی سەروو چاوەڕوانی پێشکەش کردووە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەربێلوا جەختی لە متمانەی رەهای خۆی بە بێلینگهام کردەوە و گوتی "ئەگەر بتوانم هەر قوربانییەک بدەم بۆ گەڕانەوەی جود بۆ ئەوپەڕی ئامادەیی، دەیکەم. ئەو سەرکردەیەکی راستەقینەیە و یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. دڵخۆشم کە تیپەکە بەبێ ئەویش بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئاستی بەرز، ئەمەش هێزی گروپەکەمان نیشان دەدات. من متمانەی تەواوم پێیەتی".