بارسێلۆنا کار بۆ گرێبەستێکی گەورە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا بڕیارییدا واز لە کارەکەی بهێنێت، یانەکە بە دوای جێگرەوەیەک دەگەڕێت بۆ ئەو پۆستە و چەند کەسێک بەربژێرن.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن "یانەی بارسێلۆنا کاردەکات بۆ ئەوەی فێرناندۆ کارۆ دی براندا، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، کە یەکێک لە سێ بەهێزترین کەسایەتییەکانی تۆپی پێیە لە ئەڵمانیا بباتە ئیسپانیا، بۆ ئەوەی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە وەربگرێت."
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت "دایکی براندا مامۆستای زمانی ئیسپانی بووە، خۆیشی لە بارسێلۆنا لە دایکبووە و شانازی بەوەوە دەکات کە بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە."
سپۆرت نووسیوویەتی "کارۆ شارەزایەکی تەواوی لە ئابووریدا هەیە و بەتەواوی شارەزای تۆپی پێی ئەوروپایە، ئەگەر بۆ شوێنی ئەلیمانیش نەبێت دەکرێت شوێنی جۆردی کرۆیف، سکرتێری هونەریی یانەکە وەربگرێت، ئەوەی کارەکەش ئاسان دەکات ئەوەیە کە خۆی ئەندامی یانەی بارسێلۆنایە."
جگە لە فێرناندۆ کارۆ، هەریەکە لە دیکۆی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئەنتۆنیۆ گۆردۆن، بەڕێوەبەری پێشووی ڤیاریال، مۆناکۆ و ریال بێتیس بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە کەتەلۆنییەکە.
ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئێستای یانەی بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات، هەرچەند گرێبەستەکەی تاوەکو 2024ـە، بەڵام لەلایەن یانەی ئاستۆن ڤێلاوە داواکراوە و چاوەڕواندەکرێت بچێتە ئەو یانەیە.