فلیک دوای یاریی ڤایادۆلید بەڕووی یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەیەکی سەخت بەرامبەر ڤایادۆلید و پاراستنی پێشەنگی خۆی لە لووتکەی ریزبەندیی لالیگا، هانزی فلیکی راهێنەر زۆر تووڕەیە لە سێ یاریزانەکەی و بڕیاریداوە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی لە پێکهاتەکەی بۆ یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان دووربخاتەوە!.
بارسێلۆنا لە گەڕی 34ـی لالیگا بووە میوانی ڤایادۆلید و بەزەحمەت بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە، دوای ئەوەی لە گێمی یەکەمدا بە گۆڵێک لەدواوە بوو.
بارسیلۆنا هەوڵدەدات لە گەڕەکانی داهاتوودا هەڵە نەکات ئەگەر بیەوێت نازناوی خولی ئیسپانیا بەدەستبهێنێت، بەبێ گوێدانە ئەنجامی رکابەرە تەقلیدییەکەی و نزیکترین رکابەری بۆ نازناوەکە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، هانزی فلیک لە ئاستی تەکنیکی یاریزانە یەدەگەکانی تیپەکە لەم یارییەدا لەڕادەبەدەر تووڕە بووە. لە ئاستەکەیان بێهیوا بووە و ناچاربووە لەنیوەی دووەمدا پەنا بباتە بەر یاریزانە سەرەکییەکانی و بیاننێرێتە نێو یاریگا بۆ ئەوەی لالیگا رزگار بکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فلیک تووڕەیە لە ئاستی ئانسۆ فاتی، پاو ڤیکتۆر و جیرارد مارتن، پێیوایە ئەو سێ یاریزانە شایەنی ئەوەنین یاری بۆ بارسێلۆنا بکەن، بڕیاریشیداوە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لە لیستی یانەکە دووربخاتەوە.
سەرچاوەکە هەروەها بڵاویکردووەتەوە "فلیک زۆر بەتووندی سەرزەنشتی هیکتۆر فۆرتی بەرگریکاری باڵی راستی کردووە بەهۆی ئاستە خراپەکەی لەڕووی بەرگری و هێرشبەرییەوە، بڕیاریشداوە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە سڕی بکات و تەنانەت ئەگەری هەیە هاوینی داهاتوو یەکەم یاریزان بێت بارسیلۆنا بەجێبهێڵێت".
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە تەنانەت هیچ یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانیش لە تووڕەیی فلیک رزگاریان نەبووە، بەتایبەتی دانی ئۆڵمۆ کە ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. تەنانەت دوای ئەوەی لەم یارییەدا کە وەک یاریزانی یەدەگ چووە نێو یاریگا، ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، بەپێچەوانەی رافینیا، یامال و دی یۆنگ. بۆیە فلیک بەبێزارییەوە پێیگوتووە "بەم ئاستەوە لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر ئینتەرمیلان یاری ناکەیت".
هانزی فلیک تەنیا لە ئاستی رۆناڵد ئاراوخۆ رازی بووە، و پێیوابووە ئەو یاریزانە لەم یارییەدا هەموو قورسایی ئاستە خراپەکەی هاوڕێکانی لەئەستۆ گرتووە و تیپەکەی لە چەندین هێرشی مەترسیدار رزگار کردووە، بۆیە دوای یارییەکە چووەتە لای، سوپاسی کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە بۆ پێشکەشکردنی ئەو ئاستە بەرزەی.