یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە

رووداو هەولێر 

پارێزگای هەولێر بڕیاری جێبەجێکردنی کاری نۆژەنکردنەوەی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری کە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یانەی هەولێرە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دا.
 
تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە نزیکەی 2 ملیار دیناری عێراقییە، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیارە مانگی شەشی ئەمساڵ دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق راستەوخۆ کارەکان بە گۆڕینی چیمەنی یاریگە و تراکەکانی یاریی گۆڕەپان و مەیدان دەستپێبکەن. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکار و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەوە وردەکاریى گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە بۆ جۆرى (هاى بێرد) کە زۆربەى یاریگا گەورە و جیهانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراون و کات و شێوەى دەستپێکردنى پڕۆژەکە خرایەڕوو.
 
بەهۆی خراپی چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری لە کاتی باران بارین لە وەرزی زستان، ئاستەنگییەکی زۆر بۆ یانەی هەولێر و میوانەکانی دروست دەبێت لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان.
 
لە نۆژەنکرنەوەی یاریگەکەدا جیا لە چیمەن و تراکەکان شوێنی جلگۆڕین و چەند کەموکوڕییەکی دیکەی یاریگەکەش چاک دەکرێنەوە. 
 
یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری شوێنی 18 هەزار و پێنجسەد هاندەری تێدا دەبێتەوە، دوای ساڵی 2000 لەسەر دەستی پارێزگاری ئەوکاتی شاری هەولێر، فەڕەنسۆ هەریری دروستکراوە و دوای تیرۆرکردنی لە 18ـی شوباتی 2001 یاریگەکەی بەناوی ئەو ناونراوە.