نەیمار لەگەڵ رۆبینیۆدا بەشەڕ هاتووە و کێشەکە تەقیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی یانەی سانتۆس، لە مەشقەکانی یانەکەیدا لەگەڵ کوڕی یەکێک لەگەڵی رۆبینیۆ جۆنیۆردا بووەتە شەڕی و ئەوەش جارێکی دیکە، هەڕەشەی لەسەر ئەگەری بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە مۆندیالی داهاتوو هێناوەتە ئاراوە.
نەیمار کە هێشتا دڵنیانییە لەوەی بەشداری لە مۆندیالی داهاتوو دەکات، هەوڵی زۆر دەدات کارلۆ ئەنچێلۆتی رازی بکات، بانگهێشتی مۆندیالی بکات. لە کاتێکدا ئەوەی روویداوە، وەک میدیاکانی بەرازیل دەڵێن، دەکرێ کێشە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئەستێرەیە، بۆ ریزەکانی سیلیساو لە مۆندیالدا دروست بکات.
تۆڕی 'گڵۆبۆ سپۆرت'ی بەرازیلی ئاشکرایکردووە، نەیمار لە مەشقەکانی یانەی سانتۆسدا لەگەڵ رۆبینیۆ جۆنیۆری هاوتیمیدا بووەتە دەمەقاڵە و دواتر نەیمار لە هاوتیمەکەی داوە.
رۆبینیۆ جۆنیۆر تەمەنی 18 ساڵانە، کوڕی رۆبینیۆی ئەستێرەی پێشووی بەرازیل و یانەکانی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتییە.
رۆبینیۆ لە یانەی سانتۆسەوە دەرکەوت، دواتر روویکردە ریال مەدرید و پاشان مانچێستەر سیتی و دواتریش میلان.
یانەی سانتۆس دوای یارییەکە بێدەنگیی هەڵبژاردووە، هەوڵیداوە بەبێدەنگی رووداوەکە پەردەپۆش بکات، بەڵام میدیاکان وردەکاریی شەڕەکەیان ئاشکراکردووە و ئەوەش کێشەی بۆ یانەکە و نەیماریش دروستکردووە.
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، رۆبینیۆ، بەتۆپەوە نەیماری تێپەڕاندووە، ئەوە وایکردووە ئەو یاریزانە هەست بەسووکایەتی بکات، هەربۆیە لێی هەڵگەڕاوەتەوە و قسەی پێگوتووە، لە کاتێکدا رۆبینیۆی کوڕ، هەوڵیداوە ئارامی بکاتەوە.
'گڵۆبۆ سپۆرت' دەڵێ، دوای ئەوە، نەیمار هەڕەشەی لە رۆبینیۆ کردووە، لێی هەڵگەڕاوەتەوە و قسەی پێگوتووە، دواتر مشتومڕ دروستبووە و نەیمار پاڵی بە رۆبینیۆ داوە و خستوویەتییە سەر زەوی.
تۆڕەکە گوتوویەتی، "هەندێک کەس کە لە مەشقەکان ئامادەبوون و رووداوەکەیان بینیوە، گوتوویانە نەیمار، بۆکسی لە رۆبینیۆ داوە".
ئەو کەسانە هەروەها گوتوویانە، یانەکە دەستبەجێ هاتووەتە نێو کێشەکەوە، هەردوو یاریزانی لە مەشقەکان جیاکردووەتەوە، بۆئەوەی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات.
پاشئەوە، کەسە نزیکەکانی رۆبینیۆ پەیوەندییان بە مارسێلۆ تێکسێرای سەرۆکی یانەی سانتۆسەوە کردووە و نیگەرانیی خۆیان لە هەڵسوکەوتەکانی نەیمار دەربڕیوە.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی لای خۆیەوە دەڵێ، نەیمار دواتر دانی بەهەڵەکەیدا ناوە و داوای لێبوردنی لە رۆبینیۆ جۆنیۆر کردووە.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام لە میدیای وڵاتەکەدا بووەتە هەڵایەکی گەورە.
یانەی سانتۆس دوای رووداوەکە هەوڵیداوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە رووداوەکە شتێکی تاکەکەسی بووە و زوو کۆنترۆڵکراوە، چونکە نەیمار و رۆبینیۆی کوڕ، پەیوەندییەکی باوک و کوڕانە لە نێوانیاندا هەیە.
سانتۆس بۆ دووپاتکردنەوەی چارەسەربوونی کێشەکە، رایگەیاندووە نەیمار لە لیستی ئەو یاریزانانەی یانەکەدا دەبێت کە گەشتی پاراگوای دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریکۆلیتا لە کۆپا سۆد ئەمێریکانا.