ئەربێلوا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پشووەکەی ئێمباپێ لەگەڵ کچەهاوڕێکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەرگری لە کیلیان ئێمباپێ دەکات دوای ئەو رەخنانەی بەهۆی گەشتەکەی بۆ دوورگەی سەردینیا لە ئیتاڵیا ئاراستەی کران، لە کاتێکدا یاریزانەکە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت و مەدریدیش چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکات بۆ یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا.
دوای تووشبوونی بە پێکان لە ماسوولکەکانی قاچی چەپیدا لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس، گومان لەسەر بەشداریی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەی دروستبووە. لەو ماوەیەدا ئەستێرە فەرەنسییەکە لەگەڵ ئێستەر ئێکسپۆزیتۆی کچەهاوڕێکەی لە دوورگەی سەردینیا بینرا، ئەمەش کاردانەوەی بەشێک لە هاندەرانی لێکەوتەوە و پرسیاریان لەسەر پابەندبوونی یاریزانەکە دروستکرد.
دوای سەرکەوتنی ریال مەدرید بەرامبەر ئیسپانیۆل بەئەنجامی 2-0 لە لالیگا، ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رەخنەکانی دایەوە و گوتی "هەموو پلانەکانی تایبەت بە یاریزانە پێکراوەکان لەژێر چاودێری تیمی پزیشکی ریال مەدرید دایە، ئەوان بڕیار دەدەن کەی پێویستە بچنە ڤاڵدێبێباس و کەی نەچن. ئێمباپێ لە کاتی پشووەکانیدا ئازادە چی دەکات، وەک هەر یاریزانێکی دیکە".
لە ئامادەنەبوونی ئێمباپێدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری بەرازیلی بووە پاڵەوانی یارییەکەی ئیسپانیۆل و دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەمەش وایکرد راهێنەرەکەی ستایشی بکات. ئەربێلوا هیواخوازە پێش تەواوبوونی وەرزەکە، ئێمباپێ و دانی کارڤاخال بگەڕێنەوە نێو یاریگەکان و بەشداری لە یارییە گرنگەکاندا بکەن.
ریال مەدرید چاوی لەوەیە لە دەی ئەم مانگە رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە لە یاریی کلاسیکۆدا، مەدریدییەکان بۆ رێگریکردن لە نزیکبوونەوەی رکابەرەکەیان لە نازناوی لالیگا، پێویستیان بە تواناکانی ئێمباپێ دەبێت و چاوەڕێی پشکنینە پزیشکییەکانی ئەم هەفتەیە دەکەن.