ڤیدیۆ؛ لەکاتێکدا ئامادەبوونی هاندەران قەدەخەیە دەیان هاندەر چوونە بەردەم یاریگە

رووداو - هەولێر

دەیان هاندەری یانەی پۆرتۆ لەبەردەم یاریگەی یانەی فامالیکاو کۆبوونەوە، بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکەیان، بەڵام تووشی شکستبوون و یارییەکەیان دۆراند.

لەکاتێکدا رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت ئامادەی یارییەکان بن، بەڵام هاندەرانی پۆرتۆ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بە ماسکەوە چوونە بەردەم یاریگە، بۆ ئەوەی پاڵپشتی یانەکەیان بکەن لە یارییەکەدا.

ئەنجوومەنی کارگێری شارەوانی فامالیکاو رایگەیاند، جێگەی مەترسییە زیاتر لە 300 هاندەری یانەی پۆرتۆ لە بەردەم یاریگە کۆبوونەتەوە، لەکاتێکدا لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت بچنە نێو یاریگە.

هاندەرانی پۆرتۆ بە کەیف و شادییەوە، ئاگریان هەڵکرد و بە ئاهەنگەوە چوونە بەردەم یاریگە، بەڵام بێهیوا گەڕانەوە کاتێک تیپەکەیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەیان دۆڕاند.

پۆرتۆ دوای ئەوەی لە یارییەکەدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆرا، ئەگەری هەیە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە لەدەستبدات، ئەگەر هاتوو بێنفیکا لە یانەی توندێلای بردەوە، کە ئەمشەو یارییەکە بەڕێوەدەچێت.