سۆن باسی خزمەتە سەربازییەکەی دەکات

رووداو - هەولێر

سۆن هيونگ مين، هێرشبەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، لە هەڤپەیڤینیکی نوێدا باسی ئەزموونی خۆی لە کاتی بەجێگەیاندنی خزمەتی سەربازی کرد و گوتی "سێ هەفتەی زۆر زەحمەت بوون، بەڵام چێژم وەرگرت".

سۆن هيونگ مين، ماوەی وەستانی چالاکییە وەرزشییەکان بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای قۆستەوە و گەڕایەوە وڵاتەکەی بۆ بەجێگەیاندنی خزمەتی سەربازی، کە بەهۆی بەدەستهێنانی دەستکەوتی نێودەوڵەتی لە بواری وەرزشیدا، خزمەتی سەربازییەکەی لە دوو ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ تەنیا سێ هەفتە.

سۆن هيونگ مين، لەو بارەیەوە گوتی "خزمەتی سەربازی تاقیکردنەوەیەکی باشبوو بۆ من، ناتوانم باسی هەموو ئەو شتانە بکەم کە ئەنجامم داون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەزموونێکی باشبوو، لەوێ کە 3 هەفتەی زەحمەت بوون، لەگەڵ چەند کەسێکی باش ژیام ویستم چێژ لەو رۆژانە وەربگرم، بەڵام نازانم هەستی خەڵکی دیکە چۆنە".

یاریزانی تۆتێنهام، هەروەها گوتی "ئەو سێ هەفتەیە بۆ من زۆر درێژ بوون، بەڵام چێژم لەو ئەزموونە وەرگرت، لە یەکەم رۆژدا هاوڕێکانم نەدەناسی، شتێکی نامۆ بوو، بەڵام دوای ئەوەی یەکدیمان ناسی هەموو رۆژەکانمان پێکەوە لە ژوورێکدا بەسەردەبرد، ئێمە 10 کەس پێکەوە لە ژوورێک بووین، بۆیە زۆر لێک نزیکبووینەوە و پەیوەندییەکانمان باشبوون، هاوکاری یەکدیمان دەکرد و پێکەوە کاتێکی خۆشمان بەسەردەبرد".

لە بەردەوامی قسەکانیدا، سۆن گوتیشی "لە دوو رۆژی یەکەمدا ئەو هاوڕێیانەم نەدەناسی و قسەمان لەگەڵ یەکدی نەدەکرد، بەڵام دواتر بەردەوام قسەمان دەکرد و کاتێکی خۆش بوو".