نزار غەزالی: شەقامی غەزالی دەکرێتە گوڕەپانی سەرکێشییە وەرزشییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

شەقامی غەزالی، یەکێک لە شەقامە سەرنجڕاکێش و پڕ جوڵە و وزەکانی هەولێر و کاردەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا چەند چالاکییەکی وەرزشیی تێدا ئەنجامبدرێت.
 
نزار غەزالی، پاڵەوانی لەشجوانی کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " لەماوەی رابردوودا شەقامی غەزالیمان کردبووە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری و کۆمەڵایەتی جیاواز، ئەمجارە لەگەڵ بوردی سەرپەرشتیاری شەقامەکە دەمانەوێت چەند چالاکییەکی وەرزشی لە شەقامەکە ئەنجامبدەین."
 
بەپێی قسەکانی غەزالی، ئەوان کاردەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین گەنج کۆبکەنەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییە سەرکێشییەکان لەو شەقامەدا، بۆ ئەوەش سوود لە کۆتاییهاتنی ئەمساڵی خوێندن وەردەگرن، ئەنجامدانی یارییەکانی فریستایل و رۆیشتن لەسەر بۆرد و چەند یارییەکی دیکە بەشێک دەبن لە چالاکییەکان.
 
نزار غەزالی زیاتر گوتی " ئەم جارێ پلانی ئێمەیە و بڕیاری کۆتایی لێنەدراوە، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا کارەکان دەکەینە کردار و دەمانەوێت لەگەڵ ئەوەی خەڵک بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان دێنە شەقامەکە، بینەری چەند چالاکییەکی وەرزشیی جیاوازیش بن."
 
پاڵەوانە کوردەکە، لەبارەی ئامادەکردنی یاریزانەکانی بۆ پاڵەوانێتییەکانی لەشجوانی گوتی " پاڵەوانێکی کوردم لەبەردەستە و ئامادەی دەکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارماننەداوە کە بەشداری لە کام پاڵەوانێتیدا بکات."