برونۆ فێرناندێز لەسەر رۆناڵدۆ بە تووندی وەڵامی رۆژنامەڤانێکی ئەرجەنتینی دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
برۆنۆ فێرناندێز، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی مانچێستەر یونایتد بە توندی وەڵامی رۆژنامەڤانێکی ئەرجەنتینی دەداتەوە سەبارەت بە رۆڵی رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
برۆنۆ فێرناندێز، کاپتنی یانەی مانچستەر یونایتد، بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و بە وەڵامێکی توند وەڵامی رۆژنامەڤانێکی ئەرجەنتینی دایەوە، دوای هەوڵەکانی رۆژنامەڤانەکە بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
پرسیارێک ئاراستەی فێرناندێز کرا سەبارەت بە رۆڵ و گرنگی رۆناڵدۆ بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەم قۆناخەدا، ئەویش بە تووندی وەڵامی رۆژنامەڤانەکەی دایەوە و گوتی "رۆناڵدۆ هەمیشە گۆڵ تۆمار دەکات"، روونیشیکردەوە کە "کاپتنەکە باشترین گۆڵکاری جیهانە و بەمەش رۆڵی لە یارمەتیدانی هەڵبژاردەکە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان وەسف ناکرێت."
برونۆ دەڵێت " رۆڵی رۆناڵدۆ هەمیشە زۆر گرنگە بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ناتوانرێت دەستبەرداری هەوڵ و رۆڵی ئەو بین، لای ئەو تەمەن تەنیا ژمارەیە و یاریزانێکە بەردەوام دەتوانێت گۆڵ تۆماربکات، کاتێکیش یاریزانێکی وەکو ئەوت هەیە دەزانیت کە تیپەکە دەکرێت لە هەر کاتێکدا گۆڵ تۆماربکات."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەمەنی 40 ساڵە و لە یارییکردن بەردەوامە، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا بووە گۆڵکاری خولی سعودی، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی چاوی لە گەیشتنە بە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەوڵدەدات بۆ دووەم جار لە مێژوویدا نازناوی نەیشنسلیگ بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 بە سەرکردایەتی رۆناڵدۆ یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
قسەکانی برونۆ فێرناندێز، لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لەکاتێکدان، پێشتر زیاتر لە جارێک راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، پەیوەندیی ئەو دوو یاریزانە لەگەڵ یەکدی باش نییە.