ریال مەدرید بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستێک دەچێتە وڵاتی مێسی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لەسەر هەنگاوەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو بەردەوامە و هەوڵەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی نوێ چڕکردووەتەوە.
ماوەیەکی زۆرە یانەی ریال مەدرید چاودێریی تواناکانی فرانکۆ ماستانتونۆ، ئەستێرەی یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی دەکات و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "جۆنی کالافات، بەڕێوەبەری دۆزینەوی بەهرەی نوێ لە یانەی ریال مەدرید بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە چووەتە ئەرجەنتین و دەیەوێت هەرچی زووە کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواو بکات."
کالافات پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کارگێریی یانەی ریڤەرپلەیت هەیە و دەیەوێت سوود لەو پەیوەندییە وەربگرێت بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید ئامادەیە 45 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانە ئەرجەنتینییەکە بۆ ئەوەی گواستنەوەکە بگاتە کۆتایی و یەکلاببێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی ئەورووپا پەیوەندیی بە کارگێڕیی ریڤەپلەیتەوە نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی کە دەنگۆی ئەوە هەیە، یانەی پاریس سانجێرمان، پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەیەوێت رکابەری ریال مەدرید بکات بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا دەڵێت "پاریس سانجێرمان هەنگاوەکانی دەستپێکردووە و پێشکەوتنی زۆریشی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام نەگەیشتووەتە رێککەوتن."
ریال مەدرید لەگەڵ دەورووبەری یاریزانەکە لە گفتوگۆی بەردەوامدایە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بکاتە سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی یانەکەی، دوای گواستنەوەی هەریەکە لە دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و یانەی شاهانە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.
فرانکۆ ماستانتونۆ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، تەمەنی 17 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیت تاوەکو 31ـی ئەم مانگەیە و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ.
یاریزانەکە هەڵگری وڵاتینامەی ئیتاڵیایە، بۆیە لە ئەگەری پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە، یانەکە تووشی کێشەیەک نابێت لە پرسی یاریزانەکانی دەرەوەی ئەورووپا و ئەو کاتە تەنیا دوو یاریزانی دەبێت کە لە دەرەوەی ئەورووپان، ئەوانیش ئێندریک و ئەلیکساندەر ئارنۆڵدن.