ڤیدیۆ؛ خۆرخێ خیسۆس: بۆ پارە نەگەڕاومەتەوە بێنفیکا

رووداو دیجیتال 

یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی، بەفەرمی راهێنەرە نوێیەکەی، خۆرخێ خیسۆسی پێشکەشی میدیاکان کرد.

ئەمە دووەمجارە خیسۆس پۆستی راهێنەرایەتی یانە پۆرتوگالییەکە وەربگرێت، کە پێشتریش لە ماوەی نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2015 سەرپەرشتی راهێنانەکانی ئەو یانەیەی کردووە و لەگەڵیدا 3 جار نازناوی خولی پۆرتوگالی بردووەتەوە و 6 جامی ناوخۆییشی بەدەستهێناوە.

خۆرخێ خیسۆسی تەمەن 66 ساڵان، کە بە یەکێک لە بەنێوبانگترین راهێنەرانی پۆرتوگال دادەنرێت، جێگەی برۆنۆ لاگیی راهێنەری پێشووی بێنفیکا دەگرێتەوە، کە لە حوزەیرانی رابردوودا دەستیلەکارکێشایەوە.

گەڕانەوی خۆرخێ خیسۆس بۆ وڵاتەکەی، لەدوای ئەوە دێت کە ئەو راهێنەرە ماوەیەکی سەرکەوتووی لە بەرازیل لەگەڵ یانەی فلامینگۆ بەسەربرد، کە توانی نازناوی خولی بەرازیل و خولی ویلایەتی فلامینگۆ و نازناوی کۆپا لیبێرتادۆرێس بباتەوە، کە ئەمەی دوایی گرنگترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوورە لەسەر ئاستی یانەکان. هەروەها خیسۆس یاری ریکۆبا سودائەمریکانۆی بردەوە، کە براوەی هەردوو نازناوە گەورەکەی کیشوەرەکە کۆدەکاتەوە. 

خۆرخێ خیسۆس، لەبارەی گەڕانەوی بۆ بێنفیکا و دەستبەرداربوون لە فلامینگۆ، گوتی "من بۆ پارە نەهاتوومەتە بێنفیکا، چونکە ئەو مووچەیەی لە بێنفیکا وەردەگرم کەمترە لەوەی لە فلامینگۆ وەردەگرم، من هاتوومەتە بێنفیکا لەبەرئەوەی متمانەم بە پرۆژەکەی هەیە و پێموایە دەتوانین ئەم یانەیە گەورەتر لێبکەین". 

راهێنەری پۆرتوگالی، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتیشی "لە ناخی دڵمەوە سوپاسی یانەی فلامینگۆ و هاندەرانی دەکەم، کە منیان خۆشویست و مامەڵەیەکی جوانیان لەگەڵ کردم".