پیتەر گورگیس لەلایەن فیفاوە سزا دەدرێت



رووداو دیجیتاڵ

پیتەر گورگیس، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی دهۆک، رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش دوای ئەو رێکارە کارگێڕییانە دێت کە یانەکەی بەنیازە لە رۆژانی داهاتوودا لەدژی بیگرێتەبەر.


گورگیسی تەمەن 24 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک تاوەکو هاوینی 2026 درێژەی هەیە، بەڵام دۆخی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی ئاڵۆز بووە، بەهۆی ئەوەی کە ریزەکانی یانەی دهۆکی جێهێشتووە بەبێ ئاگاداری یانەکەی. 

بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانە کوردستانییەکە، کارگێڕیی دهۆک چەندین جار هەوڵیانداوە لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کردووە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی رێککەوتن دیارنییە.

کێشەکە ئاڵۆزتر بووە دوای ئەوەی کارگێڕیی یانەی دهۆک زانیویەتی هۆکاری دوورکەوتنەوەی گورگیس لە کۆتایی وەرزدا پێکان نەبووە، بەڵکو وەک کاردانەوەیەک بووە بۆ ئەو سزایەی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە بەسەر راهێنەر مەسعود میرالدا سەپێنرا، کە بەهۆیەوە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێسی یانەی دهۆک کرد.

کارگێڕیی یانەی دهۆک داوایان لە گورگیس کرد بگەڕێتەوە و بەشداری لە یارییەکانی جامی عێراقدا بکات، بەڵێنیان پێدا نامەی دەستبەرداربوونی پێبدەن و ببێتە یاریزانێکی ئازاد، بەمەرجێک بەشداری لە یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی و پێشکۆتایی و کۆتاییدا بکات، بەڵام ئەو گەڕانەوەی رەتکردەوە و لە رێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە بە کارگێڕیی یانەکەی راگەیاند کە جارێکی دیکە درێسی تیپەکە ناپۆشێتەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یانەی دهۆک سێ ئاگادارکردنەوەی فەرمیی بۆ یاریزانەکە ناردووە و داوای لێکردووە پەیوەندی بە تیپەکەوە بکاتەوە، بەڵام ئەو هەموویانی پشتگوێ خستووە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، یاریزانەکە رووبەڕووی سزا دەبێتەوە ئەگەر ئاگادارکردنەوەی چوارەمی ئاراستە بکرێت، کارگێڕیی یانەکەش بەنیازە لەگەڵ دەستپێکی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێدا ئەو کارە بکات و ئەگەر پابەند نەبێت، دۆسێیەکەی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست رەوانەی فیفا دەکات.

پیتەر گورگیس لە وەرزی رابردوودا بەشداری لە 24 یارییدا کرد لەکۆی 36 یاری، 7 گۆڵی تۆمارکرد و 7 گۆڵی دیکەشی دروستکرد. 

ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت دهۆک جێبهێڵێت و بەدوای ئەزموونێکی پیشەگەریدا بگەڕێت لە ئەورووپا یان کەنداوی عەرەبی، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شوێنی خۆی لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بکات.