دەنگێکی دزەپێکراوی ناوبژیوانێکی ئیسپانی دژی لامین یامال بڵاودەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی نوێدا، دەنگێکی ورووژێنەری ناوبژیوانێکی ئیسپانی بڵاودەبێتەوە کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دژی لامین یامال قسەدەکات، بەبێ ئەوەی بزانێت کە مایکەکەی کراوەیە.
خۆسێ لویس ئیتوراڵدی گۆنزالێس، ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیا، تووشی دۆخێکی ناخۆش بوو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی Todo es Mentira لە کەناڵی 'کواترۆ' دوای ئەوەی مایکێکی کراوە گفتوگۆیەکی لاوەکی نێوان ئەو و پێشکێشکارەکە ريستۆ ميخێدی لەسەر پێکانی نوێی ئەستێرەکەی بارسێلۆنا، لامین یامال تۆمارکرد.
ئەو بەرنامەیەی کە ریستۆ پێشکێشی دەکات، بەزۆری باس لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەڵام بەشێکی بەرنامەکەی تەرخان کرد بۆ قسەکردن لەسەر گرنگترین بابەتە وەرزشییەکان، بەتایبەتی پێکانەکەی باڵە گەنجەکەی بارسا.
پێشتر لویس دی لا فوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بانگهێشتی یامالی کردبوو بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر جۆرجیا لە 10ـی تشرینی یەکەم و بولگاریا لە 14ـی تشرینی یەکەم، بەڵام دواتر بارسێلۆنا بەفەرمی رایگەیاند کە یامال تووشی پێکان بووە و بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە دوور دەکەوێتەوە.
دۆخێکی ورووژێنەر لەسەر شاشە
ئیتوراڵدی لە کاتی قسەکردن بۆ ریستۆ پشتگیری لە بڕیاری بانگهێشتکردنی لامین یامال کرد و گوتی "ئەگەر لەگەڵ یانەکەی یاری دەکات، ئەوا ئاساییە بۆ هەڵبژاردەش بەردەست بێت". بەڵام لەکاتێکدا لەگەڵ ریستۆ قسەی دەکرد و دووربوون لە کامێراکان، پێشکێشکارەکە لە مایکەکەی گوێی لەوەبوو کە ئیتۆراڵدی لەبەر خۆیەوە دەڵێت "ئێستا دەڵێن تووشی پێکان بووە، ئەمەش گورزێکی نوێیە".
دوای گەڕانەوەی پەخشی رستەوخۆ، هەردوولا هەوڵیاندا گفتوگۆکە تەواو بکەن، ریستۆ گوتی "ئازاری حەوزی هەیە... چی بکەین؟" ئیتوراڵدی وەڵامی دایەوە "ئەمە دۆخی وەرزشە. ئەگەر رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەگەڵ یانەکەی یاری کردبێت، دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەش بەردەست بێت کە بۆ گەیشتن بە مۆندیال تێدەکۆشێت".
ریستۆ دوودڵ نەبوو لەوەی پرسیارێکی راستەوخۆ لە ناوبژیوانی پێشوو بکات "ئایا دەتەوێت بڵێیت خۆی وا نیشان دەدات کە تووشی پێکان بووە؟" بەڵام ئیتوراڵدی بە تووندی ئەو گریمانەیەی رەتکردەوە و روونیکردەوە "ناڵێم خۆی وا نیشان دەدات. ئەم ئازارانە تەنیا خۆی هەستیان پێدەکات. من تەنیا دەڵێم ئەگەر لەگەڵ یانەکەی یاری کردبێت، ئەوا ئەمە بەو مانایەیە کە بۆ هەڵبژاردەش بەردەستە".