ڤیدیۆ؛ سعودیە یاریگەیەک بۆ مۆندیال دروستدەکات نزیکە لە خەیاڵ

رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک ڤیدیۆ کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە، نوێترین گەشەسەندنی کارەکانی دروستکردنی یاریگای ئارامکۆ نیشان دەدەن، کە لەلایەن کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییەوە جێبەجێ دەکرێت و دیمەنەکانی نزیکن لە خەیاڵ.
 
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە پلاتفۆرمی "X" بڵاوکراونەتەوە، دیمەنەکانی ناو یاریگاکە خێراتر بوونی کاری بیناسازی لە پڕۆژەی یاریگای ئارامکۆ لە خوەیبەر نیشان دەدەن، تاوەکو لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبێت بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکانی جامی ئاسیا 2027 و جامی جیهانی 2034.
 
ئارامکۆی سعوودی لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوودا دەستپێکردنی کاری دروستکردنی یاریگای ئارامکۆی راگەیاند، کە توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 47 هەزار کورسی هەیە.
 
چاوەڕوان دەکرێت یاریگاکە تاوەکو ساڵی 2026 تەواو و کارا بکرێت، تاوەکو میوانداری چەندین چالاکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بکات، لەوانەش پاڵەوانێتی جامی ئاسیا کە شانشینەکە لە مانگی یەکی 2027 میوانداریی دەکات، هەروەها دەبێتە یاریگەی سەرەکی یانەی قادسییە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئارامکۆی سعوودی دەگەڕێتەوە.
 
یاریگەی ئارامکۆ دیزاینێکی ناوازەی هەیە کە ئیلهامی لە شەپۆلەکانی ئاو وەرگرتووە کە لە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبیدا دروست دەبن، و یاریگاکە پێداویستیی چالاکییەکانی کات بەسەربردن و وەرزشییەکان بە یەکسانی دابین دەکات.
 
ئارامکۆ بە هاوکاری لەگەڵ گرووپی رۆشەن، گەشەپێدەری پێشەنگی خانووبەرەی نیشتمانی و یەکێک لە کۆمپانیاکانی سندوقی وەبەرهێنانی گشتییە، کار لەسەر دروستکردنی یاریگەیەکی تۆپی پێ دەکات کە نوێترین تەکنەلۆژیا جیهانییەکان و سیستمەکانی ساردکەرەوە لەخۆ دەگرێت، بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی نموونەیی بۆ بینەران و خودی یاریزانانیش لە کاتی یاریکردندا. یاریگەکە هێندە ناوازەیە نزیکە لە خەیاڵ.