دوایین زانیاری لەبارەی پێکانی ئارنۆڵد و کاماڤینگا
رووداو دیجیتاڵ
ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد دوای تۆمارکردنی یەکەم ئەسیست لە لالیگا تووشی پێکانێکی سەخت بوو، بەپێی سەرچاوەکان ساڵی 2025 بۆ بەرگریکارە ئینگلیزییەکە کۆتاییهاتووە. هاوکات پێکانی ئێدواردۆ کاماڤینگا سووکە و مەترسی لەسەر نییە.
لە یاریی دوێنێی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، ئارنۆڵد ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و بە پاسێکی درێژ یەکەم ئەسیستی لە خولی ئیسپانیا بۆ کیلیان ئێمباپێ کرد، بەڵام لە خولەکی 55 بەهۆی ئازارەوە یاریگەی بەجێهێشت. بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، پێکانەکەی ئارنۆڵد سەختە و پێشبینی دەکرێت بۆ چەند هەفتەیەک لە یاریگەکان داببڕێت، بەمەش ئەگەرێکی زۆر هەیە ساڵی 2025 بۆ بوونی ئەو لە یاریگەکاندا کۆتایی هاتبێت. بڕیارە ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی زیاتر بۆ یاریزانەکە بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ماوەی دابڕانی.
لەلایەکی دیکەوە، یانەی شاهانە گەشبینە بە دۆخی ئێدواردۆ کاماڤینگا. ناوەڕاستکارە فەرەنسییەکە هەرچەندە بەهۆی ئازارەوە یاریگەی بەجێهێشت، بەڵام دەستەی پزیشکی پێیان وایە پێکانەکەی قورس نییە و ماوەیەکی زۆر لە چابی ئەلۆنسۆ و تیپەکەی دانابڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە راهێنەرە ئیسپانییەکە بەدەست پێکانی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی دەناڵێنێت، لەوانە کارڤاخال، داڤید ئالابا و فێرلاند مێندی.
یانەی ریال مەدرید بەبردنەوە لە بیلباو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، کۆی خاڵەکانی لە ریزبەندی لالیگا بۆ 36 خاڵ بەرزکردەوە و بەجیاوازیی یەک خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندییەکەی دێت.