مێسی بە پەیامێک جیهان دەهەژێنێت


رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هۆشداری دەداتە وڵاتانی بەشدار لە مۆندیالدا و دەڵێت "دەتوانین ئەوەی لە قەتەر کردمان دووبارەی بکەینەوە."
 
مێسی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا قسەیکردووە و دەڵێت "مۆندیال زۆر زەحمەتە، هەموو تیپەکان دەتوانن دۆخەکەت بۆ قورس بکات، دەتوانێت لەناوت ببات، رەنگە تۆپەکە بەر ستوون بکەوێت و بچێتە دەرەوە، یان بەر ستوون بکەوێت و ببێتە گۆڵ و بەو شێوەیە کاروانەکەت کۆتایی بێت."
 
لیۆ زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "رەنگە بەلێدانی یەکلاکەرەوە بدۆڕێیت و بچیتە دەرەوە، لە دوایین مۆندیالدا کاروانەکەمان بەختێکی باشمان هەبوو، سەرەڕای ئەوەی زۆر سەرکەوتوو بووین لە یاریی بەرامبەر هۆڵەندا و فەرەنسا، چووینە لێدانی یەکلاکەرەوە و دوای ئەوە دێوەزمە مارتینێز سەرکەوتنی بۆ بەدەستهێناین، بەڵام دەکرێت ئەوە رووبدات بگەیتە لێدانی یەکلاکەرەوە و سەرکەوتوو نەبیت، بۆیە بردنەوەی مۆندیال زۆر زەحمەتە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا دەتوانن ئەوە دووبارەبکەنەوە کە لە قەتەر کردیان؟ مێسی گوتی "بەڵێ، پێموایە ئەو تیپەی ئێستامان جارێکی دیکە هەوڵدەداتەوە و هەموو شتێک دەکات لەپێناو بردنەوەی مۆندیال."
 
قسەکانی لیۆنێل مێسی، لەبارەی ئەوەی بۆ جاری دووەم لەسەریەک مۆندیال ببەنەوە، لەکاتێکدایە رۆژی هەینی تیروپشکی مۆندیالی 2026 رادەکێشرێت و ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو لە ئاستی یەکەمە.